هه‌سه‌ده‌ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك هێرشی بۆسه‌ر گروپه‌كانی سه‌ربه‌ توركیا راگه‌یاند

کوردستان
20:09 - 2024-12-29



ئەنجومەنی سەربازی (سەرێ كانی) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ پشتیوانیی له‌ به‌رخۆدانی شه‌ڕڤانان له‌ پردی قه‌ره‌قۆزاك و به‌نداوی تشرین زنجیره‌یه‌ك هێرشیان بۆسه‌ر گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە ناوچەكانی سەرێ كانی ئه‌نجامداوه‌و  ژمارەیەكی چەكداری ئەو گروپانە كوژراوان و برینداربوون.
 
ئەنجومەنی سەربازی سەرێ كانی كە بەشێكە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی كانونی یه‌كه‌می 2024  ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌: "لەچوارچێوەی پشتیوانیی لە بەرخۆدانی پردی قەرەقۆزاک و بەنداوی تیشرین، لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەكدارەكانی لایه‌نگری، هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان له‌ ژماره‌یه‌ك گوندی سنووری (سه‌رێ‌ كانی) ئەنجامدا.

باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌:" یەکەیەکی هێزەکانیان دزەیان کردووەته‌ نێو پێگه‌و  خاڵە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكان لە گوندی ریحانیە لە شاری سەرێ کانی و لە ئەنجامی شەڕو پێكدادانەكاندا پێنج چەكداری سەر بەو گروپانە كوژران.

ڕاگەیەندراوەكە ئه‌وه‌شیخستووه‌ته‌ڕو كه‌:" لەبەرەیەكی دیكەوە هێزەكانیان هێرشیانكردوتەوە سەر پێگه‌ و خاڵە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكان لە گوندی قاسمیە و ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران و برینداربون، كە ژمارەیان بە وردی نازانرێت.
 
 راشیگه‌یاندووه‌:" لەبەرەی سێیەمدا شەڕڤانانان هێرشێکی دیکەیان کردە سەر گوندی دەبس، هەروەها پێگه‌ و خاڵە سەربازییەكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بە تورکیا لە گوندەکانی عەزیزیە، عەریشە، ئەرباحین، گردی شەهید دلشێر، مناخ و کنیر بە ئامانج گیران.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئەنجومەنی سەربازی سەرێ كانی :"شه‌ڕڤانان لەو زنجیرە ئۆپراسیۆنانەدا، هیچ زیانێکیان نه‌بووه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP