كاروان یاروه‌یس: داوامانكردووه‌ زه‌وی بۆ پاسه‌وانانی سنووردا دابینبكرێت

کوردستان
17:18 - 2024-12-29


بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌دواداچوون بۆ پرسی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر پاسه‌وانانی سنوور ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "هه‌واڵه‌كانمان به‌رده‌وامده‌بێت بۆ پێدانی زه‌وی نیشته‌جێبوون به‌ پۆلیسی پاسه‌وانانی سنووری كوردستان و پێدانی مینحه‌یه‌ك پێیان".

كاروان یاروه‌یس بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتی: "له‌سه‌ره‌تای مانگی نۆی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌نوسراوی ره‌سمی داوام له‌وه‌زیری ناوخۆی عیراق كردوه‌، كه‌ زه‌وی نیشته‌جێبوون بۆ پۆلیسی پاسه‌وانانی سنووری كوردستان دابین بكرێت، یاخود له‌رێگای بانكه‌وه‌ مینحه‌یه‌كیان پێیبدرێت بۆ نیشته‌جێبون، له‌وه‌ڵامدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق نوسراوی كردوه‌ كه‌ له‌پارێزگاكان وه‌ك فه‌رمانبه‌رانی تر پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێبوون بۆ پاسه‌وانانی سنوور دابینبكرێت"

"له‌وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقدا ئه‌وه‌شهاتبوو، پێویسته‌ پاسه‌وانانی سنوور كه‌ نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستانن، حكومه‌تی هه‌رێم زه‌ویان بۆ دابینبكات، ئه‌گه‌ر نه‌كرا مینحه‌یه‌كیان پێیبدرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئیتحادییه‌وه‌" كاروان یاروه‌یس وایوت.

راشیگه‌یاند: "دوێنێ 29-12-2024 له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زیری ناوخۆی عیراق بۆ كاروباری ئه‌منی ئیتحادی قسه‌مان كرد، هێشتا هیچ بڕ‌یارێك نه‌دراوه‌، ئه‌و ده‌نگۆیه‌شی گوایه‌ مینحه‌كه‌ بدرێته‌ هه‌رێم و دابه‌شی بكات یان له‌جیاتی دابینكردنی پارچه‌ زه‌وییه‌كه‌ بیدات هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌، هاوكات برایانمان له‌پۆلیسی پاسه‌وانانی سنوور دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌دوداچوون و فشاره‌كانمان به‌رده‌وامده‌بین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP