ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق کێشەکانی پەیوەست بە سەرژمێری تاوتوێ دەکات

عێراق
11:36 - 2024-11-05


بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەی ئەو تێبینییانەوە بدرێت، کە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی سەرژمێری هەیبووە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و قسە لەسەر ئەو تێبینییانە دەکرێت کە هەفتەی رابردوو، وەفدی هەرێمی کوردستان لەسەر سەرژمێری هەیانبوو.
داواکاری سەرەکی وەفدەکەی هەرێم، ئەوەبوو ئەو عەرەبانەی لە هەرێمی کوردستان یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، لە کاتی سەرژمێری دا وەکو نیشتەجێی ئەو ناوچانەی ئێستایان تۆمار نەکرێن، بەڵکو لەسەر ئەو ناوچانە تۆماربکرێن، کە پێشتر لێی بوون و شوێنی رەسەنی خۆیانە.
پێشتر هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاندبوو، لەو کۆبوونەوەیەی کۆشکی سەلام بە سەرپەرشتی سەرۆککۆمار، نوێنەرانی هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کرد و وەفدی هەرێمی کوردستان تێبینیی خۆی خستەڕوو بەوەی نیگەرانیی هەیە لەو بڕگەیەی تایبەتە بە ناونووسکردنی ئەو کەسانە لەسەر بنەمای ئەوەی؛ لە کوێ نیشتەجێین، نەوەک شوێنی رەسەنیان کوێیە. وەفدەکەی هەرێمی کوردستان پێیوابوو ئەوە کاریگەری لەسەر گۆڕانی دیمۆگرافی دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری مادەی 140.




بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP