شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختیکردوە کە سەرۆک مام جەلال یەکێک بوو لە سەرکردە کاریگەرەکانی ناوچەکەو جیهان و ئەرشیفێکی گەورەو لەبننەهاتووی هەیە و دەکرێت کاری فراوان و هەمەلایەنە لەسەر کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بکرێت.
ئەو وتانەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانەی سەردانێکیدا هات بۆ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تەشرینی دووەم، ئەنجامیداو لەلایەن باڵیۆز د. محەممەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەو یوسف زۆزانی جێگری سەرۆکی دامەزراوەو ستافی دامەزراوەکەوە بەگەرمیی پێشوازی لێکرا.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵ مامۆستا جوامێرو ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەن ئامادەی بوون، هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن ستایشی کارو چالاکییەکانی دامەزراوەکەی کرد کە هەوڵێکی بێ پەروا دەدەن لەپێناو ئەرشیف و دیکۆمێنتکردنی کەلەپوور و مێژووی پڕ بایەخ و دوورو درێژی سەرۆک مام جەلال و جەختیکردەوە کە سەرۆک مام جەلال یەکێک بوو لە سەرکردە کاریگەرەکانی ناوچەکەو جیهان و ئەرشیفێکی گەورەو لەبننەهاتووی هەیە و دەکرێت کاری فراوان و هەمەلایەنە لەسەر کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بکرێت. هاوکات پشیوانی تەواوی خۆی بۆ کارو پڕۆگرامەکانی دامەزراوەکە دووپاتکردەوە.
لەبەرانبەردا، باڵیۆز د. محەممەد سابیر، وێڕای پەیگیریی لە بایەخی پشتیوانیکردنی هەڤاڵ شێخ جەعفەر و هەڤاڵانی تر بۆ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کورتە باسێکی سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی دامەزراوەکە پێشکەشکرد، لەوانەش؛ چاپکردنی چەندین کتێب بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر سەرۆک مام جەلال و ئەنجامدانی کۆڕبەند و کۆنفرانس لەسەر ئاستی عیراق، جگە لە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەرشیف و واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆکاندا سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە توێژینەوەو ئەرشیفەکانی تایبەت بە سەرۆک مام جەلال.
لەکۆتایی دیدارەکەشدا، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چەند کتێبێکی دامەزراوەکەی پێشکەش بەهەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد کە لەسەر ژیان و مێژووی سەرۆک مام جەلال نووسراون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP