وته‌بێژی یه‌كێتی : یەکڕیزیی و تەبایی زامنی ئایندەیەکی روون و سەقامگیریی و ئاوەدانییە

کوردستان
17:27 - 2024-11-12



دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢/١١/٢٠٢٤ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ئەندرو بیزلی کونسڵی گشتیی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیبلۆماتکارانی کونسڵخانەکە .

لە دیدارێکی نێوان هەردوولادا تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆیان لەبارەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد . 

سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدیکردەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە سوپاسەوە بەشدارییەکی فراوانیان لە هەڵبژاردن کرد و لایەنە سیاسییەکانیان خستە ژێر بەرپرسیارییەتیەکی گەورە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا بە ئامانجی زیاتر فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئایندەیەکی پڕشنگدار بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان وتیشی: ئەم ئەرکە بە پاراستنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و هەستکردن بە گیانی بەرپرسیاریەتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەدیدێت، بۆیە یەکڕیزیی و تەبایی زامنی هێنانەکایەی ئایندەیەکی روون و سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و ئاوەدانییە لە حکومەتی ئایندەدا ، بەمەش لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراق بەهێز و یەکگرتووتر دەردەکەوین. 

کونسڵی گشتیی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەل و حکومەتی بەریتانیا بەچاوی بایەخپێدانێکی گەورەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و پێگەکەی لە ناوچەکە و پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات و خوازیاری ئەوەیە هێز و لایەنە سیاسییەکان بگەنە خاڵی هاوبەش و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ، هاوکات حکومەتی بەریتانیا خوازیاری سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی کوردستانە لەسەرجەم بوارەکاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP