سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتی لە
عێراق، هۆشداریی لە کەمبوونەوەی رێژەی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەدات و دەڵێت،
"پێویستە سەرجەم ئەو کەسانەی خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمی
کوردستان نیشتەجێن، بۆ رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
مەحمود عوسمان سەرۆکی دەستەکە رایگەیاند،
"چەندین هەوڵمان لە رێگەی ناردنی نامە و سەنتەری پەیوەندیی سەرژمێرییەوە داوە
بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمی
کوردستان نیشتەجێن
وتیشی، "ئەگەر ئەو کەسانە نەگەڕێنەوە شوێنی
خۆیان، لە رۆژانی سەرژمێری لەسەر ئەو ناوچەیە تۆماردەکرێن کە لە ئێستادا لێی
نیشتەجێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ
حکومەتی عێراق لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی ئەو کەسانەی خەڵکی کەرکوک و ناوچە
دابڕێنراوەکانن و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هەروەها ئەو عەرەبانەی کە لەو
ناوچانە نیشتەجێکراون بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان.
وتیشی: دوایین جار لە رێگەی سەرۆک کۆمارەوە هەوڵمانداوە
ئەو گرفتە چارەسەربکەین و پاش دانیشتنمان لەگەڵ سەرۆک وەزیران بڕیاردراوە، پاش
ئەنجامدانی سەرژمێری ئەو کەسانەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و فۆڕمی
خۆراک و کارتی نیشتمانی و سەرژمێریی ساڵی 1957ـیان کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانە،
سەرجەمیان تۆماریان بۆ جیابکرێتەوەو بنێردرێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP