لە ئيمارات جەنگ دەستپێدەکات

وەرزش
14:46 - 2024-12-04

لە ئيمارات جەنگ دەستپێدەکات
ئاکۆ بیبانى
یاریگاى ئیمارات دەبێتە شانۆى بەیەک گەشتنى ئەستێرەکانى هەردوو یانەى ئارسێناڵ و مانچێستەر یونایتد ، یارى تەکتیکى و خێرایی و شەڕى جەستەیی ، یارى زاڵبوون و خۆسەپاندنى ئارتێتا و ئامۆریم ، شەڕى بەدەستهێنانى سێ خاڵى یارییەکە و دوور نەکەوتنەوەیە لە ریزبەندى پێشەوە ، جیاوازى هەردوو یانە شەش خاڵە ، تۆپچیییەکان بە 25 خاڵ دووەمى ریزبەندین ، مانیۆش بە 19 خاڵ لە پلەى نۆیەمى ریزبەندییە .
دوو یارییە ئامۆریم بۆتە راهێنەرى شەیتانە سوورەکان دۆخى یانەکە باشتر و جێگیرترە لە بۆدۆگلیمتى بردەوە و  پاشان گەردەلوولى بەرامبەر بە ئیفەرتۆن لە خولى ئینگلیزى هەڵکرد و بە چوار گۆڵ رایماڵى ، ئێستا کاتی تاقیکردنەوەى راستەقینەیە ، بەرامبەر بە ئەستێرەکانى گەنەرز یارى دەکەن ، بەیەک گەیشتنى هەردوو یانە زلهێزەکە لە تەواوى خول و پاڵەوانێتیەکان پێ دەنێتە قۆناغێکى جیاوازەوە ، یاریگاى ئیمارات 500 مین ڕووبەرووبونەوەى هەردوو یانە زلهێزەکە لەخۆدەگرێت ، لە نۆ یارى رابردووى نێوان هەردوو یانە کە لەدەرەوەى ئۆڵترافۆرد ئەنجام دراون ، مانچێستەر 7 یارییان شکستى هێناوە ، ئارسێناڵ لە 11 گۆڵى رابردوى پرێمەرلیگ کە تۆماریکردوە 8 گۆڵیان لە تایمى یەکەمدا تۆمارکراوە ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئارتێتاى بە شێوەى هێرشبەرى یارى دەکات و هەوڵى دەستبەسەرگرتنى یارییەکان دەدات ، خودى ئارتێتاى ر اهێنەرى ئارسێناڵ لە بەیەک گەیشتنەکە بەخت یاوەرى بووە ، لە نۆ یاریدا سەرپەرشتى تیپەکەى کردوە دژى مانچێستەرى سوور و لە شەش دیداردا بردنەوەى تۆمارکردوە ،  لە کۆتا ١٨ یاری پرێمەرلیگ کە لە  لەندەن ئەنجامدراون  تەنها دوو بردنەوەیان بەدەستهێناوە،  هەردوو سەرکەوتنەکەش بەرامبەر بە  یانەی فولهام بووە.
مارکوس ڕاشفۆرد لە دوو یاری لە پرێمەرلیگ  لە ژێر سەرپەرشتی ڕوبێن ئامۆریم سێ گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمە لەکاتێکدا  لەم وەرزەداو لە 11 گۆڵی پێشوودا تەنها گۆڵێکی تۆمارکردبوو .
برۆنۆ فێرنادێزى کاپتن و سەرکردەوەى مانچێستەر بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت ، لیساندرۆ مارتینێز و کۆبی ماینو بەهۆى کەڵەکەبوونى 5 کارتى سوورەوە ناتوانن بەشدارى بکەن ، لینى یۆرۆش بۆیەکەمجار دەتوانێت لە دوای پێکانەکەى بەشدارى یەکەم یارى پرێمەرلیگ بکات.
لە ئارسێناڵیش  تۆماس پارتێی، میکێل مێرینۆ، ڕیکاردۆ کالافیۆر و گابرێل ماگالاس تاکو ئێستا ڕوون نیە بەشدارى دەکەن یاخود نا .

ئامۆریم :
ئێمە کارى زۆر گەورەمان لە پێشە زۆر هەڵەیە ئەگەر ئێمەر بەراورد بکەن بە ئارسێناڵ ، ئێمەر لەهەوڵى بونیادنانداین ، گەردەلول و زریانى گەورەمان لە پێشە ، هەمیشە بەدوای سەرکەوتندا دەڕۆین باش دەزانم ئەرکمان زۆر قورسە ئێمە بەکاتى سەختدا تێپەڕدەبین ، تیپەکەم و یاریزانەکان باش دەناسم بە خێرایی ناتوانیت هەموو شت بەدەسبهێنێت


ئارتێتا  :
هەر لەیەکەم یارییەوە پەنجە مۆرى ئامۆریم بەسەر تیپەکەوە زۆر بە ڕوونى دەرکەوتوە ، ئەو راهێنەرێکى زیرەک و سەرکەوتووە لە سپۆرتینگ لیشبۆنە پەنجە مۆرى خۆى جێهێشت ، وزە و بیرۆکەی نوێی بۆ یونایتد هێنا، ئەمەش شتێکی ئەرێنییە، بەڵام ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە دەبێت لەبەردەمیدا چى ئەنجام بدەین .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP