هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان
لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق دەگوازرێتەوە بۆ ناو خشتەكانی بودجەی 2025،
خشتەكانیش سەرەتای ساڵی نوێ دەگەنە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق.
لەو بارەیەوە عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی
دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: خشتەكانی بودجەی ساڵی 2025 لە
سەرەتای ساڵی نوێدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و هەمواری بڕگەى نەوتی هەرێمیش
رەوانەی ناو خشتەكانی بودجەی 2025 دەكرێت.
دەشڵێت: پێویستە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشە
هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بدۆزرێتەوە، ئامانجەكە
تەنیا ئەوە نییە بڕگەی نوێ بۆ بودجە زیاد بكرێت، بەڵكو ئەوەیە بڕگەی وا پێشكەش
بكرێت كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت.
باس لەوەش دەكات: هەموارەكانی بڕگەی تایبەت بە
نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم چاودێریی دارایی فیدراڵ، ئەویش تێبینی خۆی
داوە لەبارەی خاڵە كۆنەكانی ناكۆكیی سەبارەت بە پاكتاوی شایستەكانی نەوت, هەروەها
لیژنەی دارایی بەشێوەیەكی جددی چاودێری پرۆسەكە دەكات لە داهاتوودا.
لە هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵیدا،
تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)،
بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكردووە،
ئەمەش تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی
راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم
و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
هەروەها لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم
لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بریتی
بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6
دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانیش قایل
نەبوون بەم نرخە.
پێشبینی دەكرێت لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو
هەمواری یاسای بودجە، لەسەرەتای ساڵی نوێوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ
بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP