داواى پاراستنی هاونیشتمانیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان ده‌كرێت

کوردستان
09:54 - 2024-12-21



نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید له‌ بانگه‌وازێكدا داواده‌كه‌ن هاونیشتمانیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان له‌ جینۆسایدو قڕكردن و له‌ناوبردن له‌لایه‌ن شاڵاوه‌كانی توركیا بپارێزرێت.

جه‌ختشده‌كه‌نه‌وه‌، لەهەر چوار پارچەی کوردستان، هەموو خەڵکی کوردستان رۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن و ڕووبەڕووی فرواناخوازی دەوڵەتی تورک و گروپە بەکرێگیراوەکانی ببنەوە.

ده‌قی بانگه‌وازه‌كه‌ ...

ـــ ئامانجی تورکیا جینۆساید وقڕکردن و لە ناوبردنی کوردە لە ڕۆژئاڤای کوردستان

ـــ حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕۆژئاڤای کوردستان لە دابینکردنی خۆراک و داودەرمان و پێداویستی مرۆیی جێبەجێ بکات.


وەك ئاشکرایە، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سوریا، کە کۆتایی بە حکومڕانی 53 ساڵی ڕژێمی ستەمکاری بەعس هێنا، زەمینەیەکی لەباری بۆ پێکەوە ژیان و دابینکردنی مافی گەلان لە سوریادا ڕەخساندووە، کە هەمووان تیایدا یەکسان و سەربەست بژین.

ئەمڕۆ، پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی ژیانێکی شکۆدار بۆ هەموو مرۆڤەکان، هەروەها پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان لە سوریا، دەبینین پیلانێکی شەڕانگێزی دژ بە ڕۆژئاڤای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا دەستی پێکردووە.. ئەو هەڵمەتە داگیرکارییە فراوانخوازییە، هاونیشتمانیانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاڤای کوردستان کە بە "ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا"ـش ناوزەد دەکرێت، کردۆتە ئامانج.

ئەم پێشهاتە مەترسیدارە، زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید وقڕکردن و لە ناوبردنی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان و سوریا، بە تایبەتیش دوای گۆڕانکارییەکان و ئەو شڵەژان و ناسەقامگیرییە ڕاستەوخۆیەی لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە. لە وەها دۆخێکیشدا، ئەرکی هەموو دەستەبژێری سیاسی و حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەموو هاوڵاتییەکی کورد و هەموو ئازادیخوازێکە ڕێگری لە داگیرکاری بکات و دژ بەو شەڕانگێزی و فراوانخوازییەی تورکیا بوەستێتەوە.

لێرەدا نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، بانگی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن، لەسەر هەموو ئاستە حیزبی و مەدەنی و هاوڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان، رۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن و ڕووبەڕووی فرواناخوازی دەوڵەتی تورک و گروپە بەکرێگیراوەکانی ببنەوە، لەپێناو ئاشتی و ژیانێکی بە ڕوومەت بۆ دانیشتوانی رۆژئاڤای کوردستان، کە لەئێستادا هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەیان دەدرێت.

لەم ساتەوەختەدا، ئەرکی هەموو حیزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە، رۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن بۆ پاراستنی ڕۆژئاڤا و پاراستنی ناسنامەی کوردبوون و کوردستانیبوونی ڕۆژئاڤا، بە گرتنەبەری هەموو میکانیزمە یاسایی و دیپلۆماسییەکان، لە پێناو فشارخستنە سەر دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ دەست هەڵگرتن لە ڕۆژئاڤا و سەپاندنی ئاشتی سەرتاسەری.

هەروەها ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (24)ی ساڵی 2014، پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان لە دابینکردنی خۆراک و داودەرمان و پێداویستی مرۆیی جێبەجێی بکات.

لە کۆتاییدا؛ ئێمە وەك نوسەران و چالاکوان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بەهەمووان دەڵێین ئیدی نابێت جینۆساید دووبارە ببێتەوە.. بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداری بە هەموو لایەك دەدەین، کە ئامانجەکانی ڕژێمی تورکیا، زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید و قڕکردن و لە ناوبردنی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان و سوریا.

نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید ــ رێککەوتی 2024/12/21.
1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید - KWG
2- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
3- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی - koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان 
10-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11-  رێكخراوی چاودێری كوردۆساید - چاك
12- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
13- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
14- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
15- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
16- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
17ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
18- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
19- محەمەد حمە ساڵح تۆفیق ــ نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
20- د. ئیبراهیم مەلا زادە ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
21- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
22- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
23- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
24- هەژار هوشیار ــ لێکۆڵەری بواری جینۆساید
25- خەلیل رەحیم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
26- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
27- حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
28- هابیل ئەحمەد کەریم ــ بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال
29- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
30- دلێر کەریم ــ نووسەر و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
31- ئیبراهیم هەورامانی ــ نووسەری بواری جینۆساید
32- سالار مەحمود ــ نووسەری بواری جینۆساید
33- هوشیار مرادخان ــ نووسەری بواری جینۆساید
34- رۆشنا جەمال مەحمود ــ چالاک و پسپۆری جینۆساید
35-  ئارام هەڵەدنی ــ نووسەر و ڕۆژنامەنووس
36- رەشید عەلی سەعید ــ نوسەر لەبواری جینۆساید
37- مەلاشاخی ــ نووسەر لەبواری جینۆساید
38- گوڵناز عەزیز ــ نوسەری بواری جینۆساید
39- قاسم کازم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
40- ناجی تالیب ــ چالاکوانی بواری جینۆساید

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP