قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی قەزای دەربەندیخانی کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە (15/12/2024) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانی قەزای دەربەندیخان و گرفت و کەموو کوڕییەکان کرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەگەڵ تیمی حکومەت و بەرپرسانی قەزای دەربەندیخان بەردەوام لەسەر هێڵ دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدەن تا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن تاکو باشتر خزمەتی دەڤەرەکە و هاوڵاتییان بکرێت.
هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی قەزاکە کرد هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کارئاسانیکردن و راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان. وتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانکاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەکانی قەزاکەدا دەکرێت.
دواتر قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە راپۆرتێکیان لەبارەی ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە لە پێشینەی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی دەڤەرەکەن و لای خۆییەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە خۆی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەت بە ناوچەکە بکرێت.
لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی کەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەتەواوەتی دەکرێتەوە بەڕووی شۆفێران کە ئەوەش یەکێکە لەداواکارییە گرنگەکانی دەڤەرەکەیە، هەروەها وتی؛ بەم نزیکانە کار لە پڕۆژەی تۆڕی ئاوی دەربەندیخان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش کە یەکێکە لە داواکارییەکانی هاوڵاتییان، چارەسەر بکرێت.
جەختیشکردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزار بدرێت و هانی وەبەرهێنەران بدرێت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکەن تا ئەو کەرتەش وەک پێویست گەشە بکات و دەرفەت و هەلی کار بۆ دانیشتوانی سنوورەکە دابین بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP