عیماد ئەحمەد: یەکێتی لەم قۆناغەدا پەرۆشانەو دەربەست بە باشتکردنی ژیانی خەڵک کار دەکات

کوردستان
16:00 - 2024-12-15

عیماد ئەحمەد : یەکێتی لەم قۆناغەدا پەرۆشانەو دەربەست بە باشتکردنی ژیانی خەڵک کار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر کە بە یەکسانی خزمەتی هەموولایەک بکات 

عیماد ئەحمەد بۆ راگەیاندنکارانی یەکێتی : وەک هەمیشە پابەند بە بنەماکانی کاری راگەیاندن ، ئامانجە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی خەڵک پەیامی میدیاییتان ئاڕاستەبکەن و خۆتان بەدور بگرن لەو فەوزا میدیاییەی کە بەئەجنداو مەرامی سیاسی کاردەکات بۆ شێواندنی راستییەکان .


بەسەرپەرشتی عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری , ئەنجوومەنی بۆردی راگەیاندن  کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، ئامادەبوو، تاوتوێی دواین گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسییەکان لە سەرئاستی هەرێم، عیراق، ناوچەکە کرا و تەئکید لەیەکخستنی گووتاری بەرپرسانەی میدیایی راگەیاندنی یەکێتی کرایەوە لەبەرامبەر رووداوەکان و رووماڵکردنیان لەچوارچێوەی پاراستن و پابەندبوون بە بەها نیشتمانییەکان و کاری راگەیاندن .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا عیماد ئەحمەد بەوردی لێپرسراوی ستون،  ئەندامانی مەکتەب و بۆرد و لێپرسراوی کەناڵەکانی راگەیاندنی بەرچاوروونکرد لەبارەی سیاسەتی  یەکێتی و ستراتیژی ئاڕاستەکراوی بەرامبەر دۆخی هەرێم و عیراق و رایگەیاند یەکێتی لەم قۆناغەدا پەرۆشانەو دەربەست بە باشتکردنی ژیانی خەڵک کار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر کە بە یەکسانی خزمەتی هەموولایەک بکات و ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر نەک لێکترازان بۆ ئەوەش بەرنامەکەمان روونەو ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشەدا بە کۆمەڵانی خەڵکمان دابوو جێبەجێ دەکەین و دەمانەوێت شەراکەتی حەقیقی بەرجەستە بکەین و ئاشکراشیکرد لەئێستا یەکێتی لەسەر ئاستی سەرۆک و هەڤاڵانی لەبەغدا بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە چونکە بژێوی خەڵک لەمڕۆدا لەئەولەویەتی کارەکانماندایە .

سەبارەت بە پەیامی میدیای یەکێتی لەم هەلومەرجەدا عیماد ئەحمەد ئامادەبوانى بەرچاوڕوونکرد لەدوا بڕیاری و پێشنیاری پەسەندکراوی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە بەرپرسیارانە درێژە بە پەیامی راستگۆیی و میدیایی خۆیان لەسەر بنەمای وردی، پاراستنی بەها کۆمەڵایەتیەکان بدەن و بە شێوەیەک راگەیاندن ئاڕاستەبکەن کە پاڵپشت بێت بۆ سەرخستنی  هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی و یەکڕیزی ، بۆئەوەش داوای کرد لە میدیاکارانی یەکێتی نەکەونە داوی ئەو راگەیاندنە بێخاوەنانەی، کە بە مەرام و ئەجندای سیاسی کار بۆ تێکدانی تەبایی و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەیانەوێت رایگشتی چەواشەبکەن بۆیە راگەیاندنی یەکێتی دەبێت وەک هەمیشە لەگەڵ راستی و خەڵکدابێت بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە راپۆرتێکدا تیشکی خستەسەر بەرنامەو پلانی نوێی راگەیاندنی یەکێتی و ووتی لە ساڵی ٢٠٢٥ بە بەرنامەیەکی گشتگیرتر درێژە بە کارەکان دەدەین و دووپاتیشی لەپابەندبوون بە سیاسەتی کوردستانی و نیشتمانیی و ستراتیژی یەکێتی بەرامبەر کۆی رووداوەکان کردەوە   .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP