دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەمساڵ 636 تۆمەتبار بەتاوانی تیرۆر دەستگیرکراون

کوردستان
10:09 - 2024-12-30

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری کـــار و چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوەو رایگەیاند، 636 کەس بەتاوانی تیرۆر دەستگیرکراون و 257 ئۆپراسیۆن و 74 کێوماڵیش بۆ لەناوبردنی مۆڵگەی تیرۆرستان کراون.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، 126 کاری هاوبەشیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووەو دەستبەسەر زیاتر لە سێ تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە، هەزار و 19 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
وتیشی، دە هەزار و 157 سکاڵای جۆراوجۆر تۆمارکراوە، جگە لە سێ هەزار و 283 سکاڵا تایبەت بەتاوانی ئەلیکترۆنی و 606 سکاڵاش لەدادگاکانەوە بەرزکراوەتەوە کە پێویستی بە کامێراکانی چاودێری بووە.
دەشڵێت، 32 حاڵەتی خۆکوشتن و 63 حاڵەتی کوشتن و 171 رووداوی تەقەکردن تۆمارکراوە و 142 تۆمەتبار بەتۆمەتی بازرگانیی بەچەکی بێمۆڵەت دەستگیرکراون، دەست بەسەر 881 پارچە چەکدا گیراوە و دەستیشگیراوە بەسەر 14هەزار دۆلار و 16ملیۆن دیناری عێراقیی ساختە لەناو بازاڕەکاندا.
وتیشی لە چوارچێوەی کاری لیژنە هاوبەشەکاندا زیاتر لە 50 هەزار سەردانیان بۆ ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کردووە و 629 تۆن خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP