پەیامی حزبی شەهیدان بۆ یادی شەهیدانی كانوونی دووەم

جیهان
13:42 - 2025-01-30


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو هەموو نازناوە شایانەكانی رەوتی تێكۆشانیدا، ناوی حزبی شەهیدان ناسراوترین و خۆشناوترینیانە.
لەبەر فراوانی مەیدان و رۆژەكانی تۆماری شەهادەت و گیانبازی ناو شۆڕشی نوێ و كاروانی خەباتی یەکێتییدا  رۆژێكی بۆ شەهیدانیش تەرخانە كە رۆژی (٢١ی ١١)ی هەموو ساڵێكە. 
لەگەڵ ئەوەشدا وێستگەو نەبەردی وەهاش هەن كەبیرهێنانەوەیان ئیلهامی تێكۆشانی زیاترو هەوێنی جۆشدانەوەو زیندووڕاگرتنی گیانی نەبەزی و نەبەردییە.

هەموو ساڵێكی ئەم مانگی كانوونی دووەمەش تەژییە لە یادەوەری شەهادەت و ماڵئاوایی بەرەو نەمری و جاویدانی.

رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ رۆژی شەهادەتی شەهید ئارامی سەركردەیە، چل و حەوت ساڵ بەر لەئەمرۆ كاك ئارامی رەنجدەرانی بیرو بازوو لەتەنگیسەری قەرەداغ شەهید كراو بۆ دواجار قەڵەمی تیژو وردبینی و چاویلكەی رۆشن و دوور مەودای بە شەهادەت و نەمری سپارد، رەنج و بەرهەمی خەباتی بوونە هەوێنی ستراتیژی شۆرشی نوێ، ئەدەبیاتی شۆرشی رەنجدەران و چەوساوەكان و هەموو تێكۆشەران لە قۆناغی رزگاری نیشتمانیدا.
یاد و یادەوەری ئارامی سەركردە هەمیشە ماكی وزەو ورەیە بۆ دواڕۆژی سەرفرازی یەكێتی و میللەتەكەمان.

٢٤ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥ وێستگەیەكی ترە لەڕێی بەردەوامی قوربانیدان .
رۆژی شەهیدبوونی مامە ریشە، كوڕی بابە گوڕ گوڕ و خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە كە چل ساڵە نەبەردی و چیرۆكی چالاكییەكانی خۆی و هاوڕێكانی هەروا بە زیندووی ماونەتەوە لە یادەوەری  خەڵكدا.

رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ یش رۆژی ماڵئاوایی یەكجارەكی سەركردەو خەباتگێڕی دێرینی یەكێتی وگەلەكەمان كاك عومەر دەبابەیە.
٣٣ ساڵ پێش ئێستا كاكی كاكان لە سێیەم رۆژی یەكەمین كۆنگرەی گشتیدا، لە مینبەری ئیدارەدانی كۆنگرەوە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە یەكێتی كردو ئەركەكانی تری خەباتی بە هەڤاڵەكانی سپاردو چووە کاروانی جاویدانی.

رۆژی ٣٠و ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ یش كاروانی نەپساوەی سەروەری، دوو فەرماندە و دوو رۆڵەی بە ئەمەكی كەركوك و خانەقین لیوا شێركۆ فاتح شوانی و لیوا حسێن مەنسوری پێشکەشی ئازادی و سەرفرازی کرد، هەردوو فەرماندەی شەهید  سەنگەری پارێزگاری كوردستانی رزگاریان لە تیرۆرستانی داعش چۆڵ نەكردو خۆیان كردە قەڵغانی پاراستنی وڵات، سەلماندیان كە لە قۆناغی حوكمڕانی و ئاوەدانیشدا حزبی شەهیدان هەر یەكەمە لە بەخشین.

ئەم مانگەی وەك تانوپۆی سەروەری و گیانفیداییە لە مێژووی یەکێتییەکەی  سەرۆک مام جەلالی نەمر، یەکێتیی شەهیداندا  کە لەسەرەتاوە تا كۆتایی و وەك مانگەكانی تری ساڵەكانی خەبات كەم رۆژی بێ شەهادەت و بێ بەڵگەی بە خوێن نووسراوی تێدایە كە پێداگری یەكێتییەکەتان  و گەلەكەمان دووپات دەكاتەوە لەسەر رەوایی مەسەلەكەمان و روونی رێباز و ئامانجەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین).
یەكێتییەك خوێنبەخشینی لێ چاونەبێ و بۆ ئامانجی رزگاری و دیموكراسی هیچ ورە و وزەیەك گل نەداتەوە، بێگومان هەر بەم تۆمارە سەربەرزانەوە درێژە بە خەباتی هەمەلایەنە دەدات و بەڵێن بۆ كەسوكاری  شەهیدان و بۆ تێكڕای كۆمەڵانی خەباتی كوردستان دووپات دەكاتەوە كە هەمیشە پابەندی جێبەجێكردن و بە دیهێنانی گشت ئاواتەكانیان بێت.

یادی گشت شەهیدانی مانگی كانوونی دووەم و هەموو مانگ و ساڵەكانی ئەم كاروانە پەنجا ساڵییە، بە سەركردەو فەرماندەو قارەمانانی سەنگەرو زیندانەوە، هەمیشە بەرزو پیرۆز بێت.

مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP