قوباد تاڵەبانی : پێویستە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن

کوردستان
16:59 - 2025-02-05

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(5/2/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە؛ پێویستە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەم بارەیەشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی-دا و روونی کردەوە کە تیمە تەکنیکییەکان گفتوگۆکانیان تەواو کردەوە و بەهیواین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانی هەرێمدابێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە داراییەکان، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لە دوای پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجەش زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا.

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP