شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق رۆژی سێ شەممە 4-2-2025 لە سلێمانی پێشوازی لەوەفدی باڵای كڵێساكان كە بریتی بوون لەقەشە نیك بەینزو قەشە سام كۆرلی لە كڵێساكانی بریتانیاو خاتوو ئۆتۆ مێرسیس قەشەی كڵێسا لەنەرویژ و نوێنەرانی رێكخراوی هاوپشتی مەسیحی.
لەمیانی دیدارەكەدا خانمی یەكەم ئاماژەی بە مێژووی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە كۆمەڵی عیراقدا كرد كەرێچكەیەكی جیاوازی هاوبەشی نیشتمانیی و چارەنووسی هاوبەشە بەجەختكردنەوە لەسەر پێویستی داڕشتنی پلانێكی ستراتیژی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارو گوندانەی كە زێدی رەسەنی مەسیحییەكانن و ئامادەكردنیان بۆ دڵنیابوون لەگەڕانەوەی ژیان بۆیان، جگە لەڕەخساندنی دەرفەتی كار كە دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ئەم پێكهاتە گرنگەی وڵات.
هاوكات خانمی یەكەم دوپاتیكردەوە لەسەر پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی روون كە زامنی پاراستنی مافی كەمینەكان بكات و دەستەبەری بەدیهێنانی پرەنسیپ و دەرفەتی یەكسان بكات.
لای خۆیەوە وەفدەكە ستایشی ئەو رۆڵە دیارەی خانمی یەكەمی كرد كە لەبوارەكانی مرۆیی و رۆشنبیریدا بینیویەتی، پێزانینی خۆیان بۆ روونكردنەوەكانی دەربڕی سەبارەت بە چۆنیەتی پشت بەستن بە گفتوگۆ و كاری ئەرێنی لەنێوان ئایینەكاندا.
لەكۆبوونەوەكەدا، مەریوان نەقشبەندی نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و خالید جەمال بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خاتوو ئاوات حوسامەدین نوێنەری ئایینی زەردەشتی ئامادەی بوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP