ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "دیدار لەناو حزبەكاندا ئەزمونێكی نوێیەو لەناو یەكێتیشدا بووەتە نەریت، بەشێوەیەك لەدیداردا كادرەكانی یەكێتی كارەكتەری سەرەكین و خۆیان پەنجە دەخەنە سەر كێشەكان و پاشان چارەسەرەكانیشیان دەخەنەڕوو".
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "دیدار لەناو حزبەكاندا ئەزمونێكی نوێیەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاری لەسەر دەكات، چونكە پێمانوایە لەم رێگەیەوە دەتوانین بڕیاری دروست لەبارەی ئاڕاستەی كاری داهاتووی یەكێتییەوە بدەین".
"دیدار لەناو یەكێتیدا بووەتە نەریت و لەپێنجەمین كۆنگرەدا بەشێكی زۆری پڕۆژەكانی یەكەمین دیدار خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە ئامانجی دیداری یەكێتی خۆی لەدوو ستووندا دەبینێتەوە كەپرسەكانی تایبەت بەناوخۆی حزب و دیدو روانگەی حزبە بەرامبەر بە پرسە سیاسییەكان" ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.
راشیگەیاند: "كۆنفرانسی سلێمانی تەواوكەری شەش كۆنفرانسەكەی دیكەیە كە لەڕابردوودا لە موسڵ، دهۆك، كۆیە، هەولێر، گەرمیان و هەڵەبجە ئەنجامدران و سەرجەمیشیان بۆ ئامادەكارییە لەپێناو ئەنجامدانی دیدارە سەرەكییەكە".
وتیشی: "لەدیداردا كادرەكانی یەكێتی كارەكتەری سەرەكین و خۆیان پەنجە دەخەنە سەر كێشەكان و پاشان چارەسەرەكانیشیان دەخەنەڕوو، لەم رێگەیەشەوە یەكێتی دەیەوێت شێوازی كاركردنی سیاسی خۆی بگۆڕێت و سوود لەبڕیاری بەكۆمەڵ وەربگرێت".
ئەمڕۆ 19-3-2025، حەوتەمین كۆنفرانسی ئامادەكاری دووەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی بەئامادەبوونی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و هەڤاڵانی چەمچەماڵ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە گرنگەكانی یەكێتیی و سیاسەتی حزبەكە دەستیپێكردو چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP