کۆمپانیای گشتی پێشانگا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، کۆمپانیای (رۆیاڵ موبارەک)ـی روسی کە تایبەتە بە پێدوایستییە خۆراکییەکان بە ڕەسمی داوایەکی ئاڕاستەکردوون خورمای عێراقییان پێبدەن بۆ ئەوەی هاوردەی روسیای بکەن لەبەرئەوەی خواست لەسەر خورمای عێراقیی زۆرە.
بەگوێرەی بەیاننامەی ڕەسمی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا روسییەکە هەلێکی زۆرباشە بۆ هەناردەکردنی خورمای عێراق بۆ بازاڕەکانی روسیا، جگە لەوەی دەروازەیەکی دیکەیە بۆ ساغکردنەوەی خورمای عێراق رێگەیەکیش دەبێت بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی خورماکەیان لەبەرئەوەی کۆمپانیا روسییەکە لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا چالاکی بەردەوامیان هەیە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە عێراقدا 31 جۆر خورما هەیە، هەرچەندە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و جەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی دارخورما و بەروبوومەکانیان، بەڵام هێشتا ئومێدی ئەوە ماوە بتوانرێت بخرێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و ببێتەوە یەکێک لە هەناردەکراوەکانی عێراق.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP