سەرۆک کۆمار: پێویسته‌ توانای هێزە چەکدارەکان به‌هێزتر بكرێن

عێراق
18:49 - 2025-05-28


 
 سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەبەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر،  فەریق کەریم عەبود ئەلتەمیمی.

لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی وڵات و ناوچەکە و ڕۆڵی دەزگای دژە تیرۆر لە بەرجەستەکردنی سەقامگیری ناوخۆدا تاوتوێکرا، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ستایشی ڕۆڵ و قوربانیە گەورەکانی دەزگای دژە تیرۆری کرد، لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەموو عێراقییەکاندا، هاوکات ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدان بە تواناکانی دەزگاکە کرد، لەڕێگەی  سود وەرگرتن لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مۆدێرن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکاندا .

لەلای خۆیەوە ئەلتەمیمی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی پێشهاتەکانی کارەکانی دەزگای دژە تیرۆر و هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی و پلانەکانی داهاتووی بەئامانجی پەرەپێدانی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری لەعێراقدا خستەڕوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP