یۆنامی بارەگاكه‌ی لە موسڵ رادەستی حكومەتی عیراق ده‌كاته‌وه‌

عێراق
19:42 - 2025-05-28

حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو بینایەی کە پێشتر لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) لە شاری موسڵ بەكاردەهێنرا، وەرگیراوەتەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتییەکە لە عێراق، بڕیاریشە سەرجەم ئەو شوێنانە وەربگیرێنەوە كە یونامی كاری تێدا دەكرد.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد، حکومەتی عێراق ئەو بینایەی رادەست كرایەوە، کە پێشتر لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوكاریی عێراق (یۆنامی) لە شاری موسڵ بەكاردەهێنرا.
وتیشی، ئەم هەنگاوە لە کاتی جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتیی یۆنامی دێت بۆ ئەمساڵ، کە لە نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا رێککەوتنی لەسەرکراوە و ئەو باڵەخانانەی کە دەمێننەوە لەلایەن نوێنەرایەتییەکە بەكار دەهێنرێن و  رادەستی حكومەتی عێراق دەكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت دەستخۆشی لە هەوڵی بەرچاوی یۆنامی دەكات لە ماوەی کاركردنیاندا لە عێراق و ئەو هاوکارییانەی کە لە جێبەجێکردنی پلانی داخستنی نوێنەرایەتییەكەیان پیشانیان داوە.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یۆنامی) نوێنەرایەتییەکی سیاسی تایبەتە کە لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كاردەكەن، نێردەكە لە 2007 كارەكانیان فراوانتر كرا بەپێی بڕیاری 1770ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
***

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP