یەكەم گەشتی هاووڵاتییە گیرخواردووەكان گەیشتەوە عیراق

عێراق
17:36 - 2025-06-17


دوای پێنج رۆژ ئەمڕۆ سێ شەممە 17ی6ی2025، یەكەم فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە بە 234 سەرنشینەوە نیشتەوە، كە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە وڵاتی لوبنان گیریانخواردبوو.

بەپێی ئاژانسە هەواڵییە عیراقییەكان، فڕ‌ۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عیراقی كەمێك لەمەوبەر لە فڕ‌ۆكەخانەی بەسرە نیشتووەتەوە، كەلە بەیروتەوە هاتووە و 234 سەرنشینی عیراقی تێدابووە، كە لەو وڵاتە گیریانخواردبوو.

لەو بارەیەشەوە ئیدارەی فڕ‌ۆكەخانەكە رایگەیاندووە: "بڕیارە لەكاتی گەڕانەوەشیدا فڕۆكەكە 257 سەرنشین لەگەڵ خۆی بباتەوە بۆ لوبنان كە ماوەیەكە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ەوە لە عیراق گیریان خواردووە".

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو: "لەرێگەی فڕۆكەخانەی بەسرەوە هەموو ئەو گەشتیارە عیراقییانە دەگەڕێنینەوە كە لە وڵاتان گیریانخواردووە"، ئەمڕۆش یەكەم گەشتی هاووڵاتییە گیرخواردووەكان گەیشتەوە عیراق و گەشتەكانی فڕۆكەخانەكەش  بەردەوامییان دەبێت.

هاوكات لەڕ‌اگەیەنراوێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان شەوی رابردوو رایگەیاندبوو: "دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و گەڕ‌اندنەوەیان بەسەلامەتی بۆ هەرێمی كوردستان داوا لەهاووڵاتیان دەكەین، لە هەرشوێنێك گیریان خواردووە، تكایە سەردانی نزیكترین نووسینگەی نێردە دیپلۆماسییەكانی توركیا (كۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی توركیا) لەو وڵاتانە بكەن بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی توركیا و گەڕ‌انەوەیان لەرێگەی وشكانییەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP