تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پشتڕاستی کردەوە،
ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر ڕیاکتۆری ئەتۆمی ئاوی قورسی ڕاک.
پێشتریش سوپای ئیسرائیل هۆشداری دابوە خەڵکی سڤیل
لە ڕیاکتۆری ئاوی قورسی ڕاک لە ئێران دوربکەونەوە و داوای چۆڵکردنی ناوچەکەی کردبو.
ڕیاکتۆری ئاوی قورسی ڕاک بە دوری 250 کیلۆمەتر لە
باشوری ڕۆژئاوای تاران هەڵکەوتوە.
ئاوی قورس بۆ ساردکردنەوەی ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکان
بەکاردەهێنرێت، بەڵام وەک بەرهەمێکی لاوەکی پلۆتۆنیۆم بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت
لە چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت، ئەوەش ڕێگەیەکی دیکە دەدات بە ئێران بۆ
بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، جگە لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەر بڕیار بدات ئەو
ڕێگایە بگرێتەبەر.
بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ
زلهێزەکانی جیهان، ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داڕشتنەوەی ڕیاکتۆرەکە بۆ
کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی.
لە ساڵی 2019 ئێران دەستیکرد بە کارپێکردنی
بازنەی لاوەکی ڕیاکتۆری ڕاک کە ئەو کاتە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناونرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP