نۆ وڵاتی عەرەبی خۆیان بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەی ئەتۆمی ئامادە دەکەن

جیهان
22:15 - 2025-06-19

دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی و تیشك و كیمیایی و بایۆلۆجی پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی (خانەی قەیران)ی بۆ ئامادەكاری و وەڵامدانەوەی حاڵەتە نائاساییە ئەتۆمییەكان، لەسەر ئاستی نۆ  وڵاتی عەرەبی راگەیاند.
دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، لە چوارچێوەی هاریكاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان دەزگاكانی رێكخەری عەرەبی لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی و دابینكردنی بەرزترین ئاستی ئامادەیی بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نائاسایی ئەتۆمی یان تیشكی، كۆبوونەوەیەكی هەماهەنگی لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بەڕێوەچووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێداچوونەوە بە تواناكانی وڵاتانی عەرەبی كراوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ باری نائاسایی ئەتۆمی، لەوانەش سیستەمی چاودێریكردن و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و دابینكردنی داتای كاتی راستەقینە لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دروست دەكرێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنەكان “خانەی قەیران” پەسەندكرا، ئەوەش بۆ پەیوەندی دەستبەجێ و هەماهەنگی وەڵامەكان كاتێك هەر گۆڕانكارییەكی نائاسایی لە ئاستی تیشكدا تۆمار دەكرێت.
ئەم رێكخستنانە دەكەونە چوارچێوەی كاری بەكۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەی كە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە سەرهەڵدەدەن كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ناوچەكە دەكەنە ئامانج، ئەوەش بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی دانیشتوان و ژینگە و ئاسایش.
جگە لە عێراق، نوێنەرانی ئوردن، لوبنان، یەمەن، كوەیت، لیبیا، بەحرەین، تونس و سودان بەشداری خانەی قەیرانەکەیان کردووە.

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP