وڵاتان داوادەکەن ئێران واز لە چەکی ئەتۆم بهێنێت بۆ ئەوەی کاولکاری نەبینن

جیهان
20:35 - 2025-06-20

شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بە دوو بەرەوە و ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان پێداگرن لەوەی دەبێت ئێران کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و روسیا و چین و پاکستانیش، ئیسرائیل بە تاوانبار دەزانن و داوای لێدەکەن هێرشەکانی رابگرێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد و هەردوو نوێنەری ئەمریکا و بەریتانیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە ئێران کرد دەستبەرداری چەکی ئەتۆم بێت و رایانگەیاند، گومان لەوەدا نییە کە لەپاڵ ئیسرائیلدا دەوەستنەوە و دەبێت ئێران واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکی بهێنێت بۆ ئەوەی کاوڵکاری نەبینین.
لەبەرامبەردا نوێنەرانی روسیا و جەزائیر لە نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران بە ناڕەوا و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسفکرد و داوایان لەو وڵاتە کرد، هەرچی زووە کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ئێران و ئیسرائیل رووبەری یەکتربوونەوە، نوێنەرەکەی ئێران وتی، “کەس باوەڕ بە درۆی نوێنەرەکەی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ناکات.
نوێنەری ئێران وتیشی ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە و رێگە بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیش نادات وێستگەکانیان بشکنن.
لەبەرنبەردا نوێنەری ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و وتی، ئێوە گورگن لە پێستی مەڕدا، دەتانەوێ خۆتان وەک قوربانی پیشان بدەن.
نوێنەرەکەی ئیسرائیل بە نوێنەری ئێرانی وت، لە نمایشی درۆیینەی ئێرانییەکان بێزاربووین و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی پێبهێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP