عیراق ئیدانەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات

عێراق
10:14 - 2025-06-22

حکومەتی عیراق ئیدانەی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران دەکات و وتەبێژی حکومەتیش دەڵێت: "عیراق بەکارهینانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رەتدەکاتەوە، چارەسەری سەربازی، هیچ کاتێک نابێتە جێگرەوەی گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان".

ئەمڕۆ 22ى6ى2025 باسم عەواد وتەبێژی رەسمی حکومەتی عیراق، بۆردومانکردنی سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێرانی ئیدانەکرد، کە ئەمریکا بەئامانجیگرتن و لە هێرشێکدا بۆردومانی کردن و دەڵێت: "عیراق باوەڕی بە بەکارهێنانی هێز نییە و پێویستە رێز لە سیادەی وڵاتان بگیرێت، چارەسەری سەربازی هەرگیز جێگرەوەی دیالۆگ و هەوڵی دیپلۆماسی نییە و بەردەوامی هێرشەکانیش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیهان".

"عیراقلە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە داوا دەکات بەزوویی دۆخەکە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریدا  هێوربکرێتەوە و بەپەلە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بدۆزرێتەوە و رێ لەپەرەسەندنی گرژییەکان بگیرێت و رێز لە یاسا و میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان بگیرێت" وتەبێژی حکومەتی عیراق وادەڵێت. 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان  فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP