ئیلۆن مەسک حزبێکی نوێی دامەزراند

عێراق
13:02 - 2025-07-06

ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێی بە ناوی “پارتی ئەمریکا” راگەیاند.
رۆژی هەینی رابردوو هاوکات لەگەڵ رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا، مەسک راپرسییەکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە سەبارەت بە بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ، لە ئەنجامدا، لە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەشداربوو، %65ـیان پشتگیرییان لە بیرۆکەکە کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “ئەمڕۆ پارتی ئەمریکا دامەزرا، بۆ ئەوەی ئازادیتان بۆ بگەڕێنێتەوە”.
ئەم ڕاگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایی و رەخنەکانی ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە لە سیاسەتی وڵاتەکە، بەتایبەتیش ناڕەزایی ناوبراو لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکەشکرا.
مەسک هاوپەیمانێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ بوو، لە ساڵی 2024ـدا، بەشداریی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا کرد و پاش سەرکەوتنی ترەمپ، بۆ ماوەیەک، وەزیری کارامەیی و خەرجییە فیدراڵییەکان بوو، بەڵام لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، پەیوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەرەو خراپی رۆیشت و، لەو پۆستەدا لابرا.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP