جاسەنە، پەکەکە بۆ ئەو ئەشکەوتەی بۆ مەراسیمی چەکدانانی گەریلاکانی هەڵبژارد؟
پێشتر
جارێکی تر لەم ئەشکەوتەوە نوێنەری ئەتاتورک چی
بەڵێنێکی بە شێخ مەحمود و کورد داوە و لێی پاشگەزبوەتەوە؟
ڕۆژی 11ی 7ی 2025، شوێن: سلێمانییە،
هەموو میدیا جیهانییەکان، ڕوماڵی ڕووداوێکی گرنگیان کە پەیوەستە بە مێژوو و
داهاتووی کوردستان، ئەویش هاتنەخوارەوەی گروپێکی
30کەسی لە گەریلا و فەرماندەی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی سورداشەوە و لە
مەراسیمێکدا لەسەر داخوازی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی گەلی کورد و رێبەری پەکەکە، چەکەکانیان
لەناو برد، کە ئامانجەکەی نیشاندانی نیازپاکی ئەوانە بۆ پڕۆسەی ئاشتی تورکیا.
هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە بۆ پرۆسەی
سیمبولیی لەناوبردنی چەک، هێمایە بۆ ئەوەی لێرەوە بانگی ئاشتی دەدرێت بەگوێی جیهاندا؛
لەو شوێنەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق" چاپ دەکرا. ئاشتی، بانگی حەقی کوردە.
ئەشکەوتی جاسەنە لە باشووری کوردستانە،
ئەم ئەشکەوتە لە ناوچەی سورداشە، لەسەر رێگای سلێمانی _ دوکان، لە پشتی گوندی کانی
خان، ئەم ناوچەیەی کوردستان شوێنێکی گرنگی شۆڕشی باشووری کوردستانە.
خەباتکارانی کورد بە چاوی رێزەوە لە
مێژووە پڕ لە شانازیی ئەو ئەشکەوتە دەڕوانن، لە ساڵانی رابردوودا گوندەکە نزیکەی
300 ماڵی تێدا نیشتەجێ بووه بەڵام دواتر لە لایەن حکومەتی بەعسەوە وێران کراوە و چۆڵ
بووە، پێشتر جاسەنە ئەشکەوتێکی ئاسایی و جێی خۆحەشاردان و حەوانەوە بووە، بەڵام لەگەڵ
گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتە ئەرک و ناو و ناوبانگی ئەشکەوتەکەش گۆڕا.
ئەمڕۆش ئەم ئەشکەوتە ڕووداوێکی
گرنگی مێژوویی تیا ڕوویدا، بووە ناوچەیەک
بۆ نیازپاکی پەکەکە لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و گروپێکی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان
لەوێ لەناوبرد، لە گۆڕەپانەکەدا، بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، بەشدار بوون.وەک
ئەوەی ئاژانسی ئەنادۆڵو کە میدیایەکی نیمچە رەسمی حکومەتی تورکیایە، بڵاویکردوەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نەبوو، ڕووداوێکی مێژوویی لە نێوان بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و دەوڵەتی تورکیادا ڕووبدات، ئەشکەوتی جاسەنە ئەو جێگەیەی کە ئەمڕۆ پەکەکە چەکی لێ دانا، ساڵی 1922 (ئۆزدەمیر)ی نوێنەری (مستەفا کەمال ئەتاتورک) تێیدا بەڵێنی پێدانی مافی کوردی بە شێخ مەحمود دا و دواتر لێی پەشیمان بووەوە و بە پشتیوانی ئینگلیز و فەڕەنسا و یەکێتی سۆڤیەت دەستی بە کورد قڕان کرد.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەخنە لە پەکەکە
دەگیرێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە بۆ مەراسیمی چەکدانان، نوسەرێکی کورد
پێیوایە، رەمزیەتی ئەشکەوتی جاسەنەیان تێکشکاند.
لەو بارەیەوە، مەجید ساڵح نوسەر و
ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: هەرچەند من دژی پرۆسەی ئاشتی نیم، بەڵام پەکەکە خراپترین شوێنی
هەڵبژارد، چونکە ئەشکەوتی جاسەنە بارەگای لەشکری کوردستان و رەمزی خۆڕاگری مەلیکی
کوردستان بوو لەبەرامبەر داگیرکەری ئینگلیز و دەوڵەتی پاشایەتی عیراق، بەتایبەت پاش
هێرشی فڕۆکەکانی سوپای ئینگلیز لە ساڵی 1923 بۆسەر شاری سلێمانی و بۆردومانکردنی
شۆڕشگێڕانی کورد، شێخ مەحمودی حەفید سەرکردەی گەلی کورد، ئەشکەوتی جاسەنەی کردە پەناگە
و چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم رۆژنامەی بەناوی “بانگی حەق” تێدا بڵاوکردەوە.
ئاخۆ ئەمجارەش نیازپاکی کورد بۆ
ئاشتیی و پێکەوەژیان، لەلایەن میراتگرانی دەوڵەتەکەی ئەتاتورکەوە دەقۆزرێتەوە،
یاخود تورکیا ئەو دەرفەتەی نابێت و وەک ئەوەی کورد دەیەوێت پرۆسەکە جێبەجێ
دەکرێت؟
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP