بەغدا بەبیانووی جیاواز ناردنی مووچە دوادەخات و خاڵی نوێی زیاد کردووە

کوردستان
10:08 - 2025-07-22

حکومەتی فیدراڵ تاوەکو ئێستا پابەند نییە بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بەبیانووی جیاواز ناردنی مووچە دوادەخات و خاڵی نوێی زیاد کردووە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت: تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە نەکرێت مووچە نانێردرێت.
نزیکەى سێ مانگە وەزارەتی دارایی عێراق، بە بڕیارێکی سیاسی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەدەوترێت هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و ڕێککەوتن کراوە بۆ چارەسەری كێشەکان. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ بەغدا واژۆی کردووە، ئامادەی دەربڕیوە 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بنێرێت، ئێستا گرفتەکە لەسەر ئەوەیە کە بەغدا دەڵێت: تاوەکو ڕۆژانە هەناردە نەکرێت ئەوا مووچە نانێردرێت، ئەمە لەکاتێدایە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانى چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ 80 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردووەتەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، لەتازەترین پەیامیدا ڕایگەیاندووە، مووچەی کوردستان نانێرم تاوەکو هەناردەی نەوت دەستپێنەکاتەوە و دەبێت 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕاستەوخۆ هەناردە بکرێت و ڕازی نیم بە کەمبوونەوەی بەرهەم.
هەر لەبارەی پرسی مووچەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ، هەردوو تیمی تەکنیکی حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوانیان یەکەم کۆبوونەوە بکەن.
لەسەر ئاستی سیاسی و حکومیش هەموو لایەنەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت مووچەیەک لەلایەن وەزارەتی داریی عێراقەوە بنێردرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP