دەستپاکی عیراق: بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی کەرکوک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا

کوردستان
10:38 - 2025-07-22

لەکەرکوک بەرتیل خۆرێک لەلایەن دەستەى دەستپاکى عیراقەوە دەستگیرکرا کەپێشتر هەڕەشەى لەهاوڵاتیان دەکرد.
دەستەی دەستپاکیی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی کەرکووکی لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل دا راگەیاند، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووکیش رەتیدەکاتەوە ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە فەرمانگەکەیانەوە هەبێت و دەڵێت، زیاتر لە سێ ساڵە گواستراوەتەوە.
دوێنی، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی زێدەڕۆییەکانی کەرتی پێنجەمی شارەوانی هەڕەشە لە هاووڵاتییەک دەکات، تیمێکیان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک پێکهێناوە. تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە خاوەنی دووکانێکی ماسیفرۆشی کردووە و داوای دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بەرتیلی لێکردووە.
دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە: "بە هاوکاری لەگەڵ ئاسایش، بۆسەیەک دانرا و توانرا تۆمەتبارەکە لە کاتی وەرگرتنی بەشێک لە پارەکە دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکووک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بڕیاری راگرتنی بۆ دەرچووە."
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە گوایە ئەو کەسە بەرپرس بووبێت لە شارەوانی و رایگەیاند: "راستە پێشتر کارمەندێکی ئاسایی شارەوانی بووە، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە گواستراوەتەوە بۆ قایمقامییەتی کەرکووک و هیچ پەیوەندییەکی بە شارەوانییەوە نەماوە. دەستەی دەستپاکی بەهەڵە ناوی شارەوانیی کەرکووکی بردووە."

بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک وتیشی: "ئەو رووداوەی کە لەسەری دەستگیرکراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە کاری شارەوانییەوە نییە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر روویداوە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP