کۆمپانیای (DNO) بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە دوو کێڵگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ ڕاگرت. کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەدەدات، دوای خەمڵاندنی زیانەکان، دەست بە بەرهەمهێنان دەکرێتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بە سێ درۆن دوو هێرشکرایە سەر کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخابوور و بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیە وەستا. جگە لە زیانی ماددی، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
کۆمپانیای DNOـی نەرویجی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەودەدات، یەکێک لە درۆنەکان کۆگای عەمبارکردنی نەوتی بە ئامانج گرتووە. دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامن و لە ئایندەی نزیک کۆمپانیا دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی ڕۆژی 25ی حوزەیرانی 2004 گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێناندا لەم كێڵگانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا كردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ڕۆژانە 82 هەزار و 81 بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP