دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ
22ی 7ی 2025 دا، ئەو دوو سكاڵایەی رەتكردەوە كە دژ بە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
لە دادگاكە تۆمار كرابوون، ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت:
"یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەربەستی كۆتایی تێپەڕاند و ئەمەش بەرهەمی یەك
دەنگی و یەك هەڵوێستی خەمخۆرانی پارێزگاكەیە".
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
لەفراكسیۆنی یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "بەخۆشحاڵییەوە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەربەستی
كۆتایی تێپەڕاند و سكاڵاكان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عیراقەوە رەتكرانەوە، كە
ئەمەش بەرهەمی یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی خەمخۆرانی پارێزگاكە بوو، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی
لە تەواوی دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و كوردستان دەكەین".
"ئەوەی گرنگە لە ئێستاوە هەنگاوی كردەیی بنرێت بۆ دابینكردنی سەرجەم ئەو
ماف و ئیمتیاز و پێداویستیانەی كە مافی هەڵەبجەیە وەك پارێزگایەك هاوشێوەی پارێزگاكانی
دیكەی عیراق وەریانبگرێت" چرۆ حەمەشەریف وادەڵێت.
رۆژی 14ی 4ی 2025، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابووونی
هەڵەبجە لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێپەڕێندرا و هەڵەبجە بووە 19 هەمین
پارێزگای عیراق، هاوكات رۆژی 29ی4ی2025 د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق، ئیمزای لەسەر
یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرد و رۆژی 5ی 5ی 2025، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا بڵاوكرایەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە،
رۆژی 13ی 3ی 2014 هەڵەبجە بە رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك چوارەم
پارێزگای كوردستان ناسێندرا و بووە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆك.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP