وەزارەتى نەوتى عیراق: رەشنووسى رێککەوتنێکى نوێمان لەلایەن تورکیاوە لەبارەى وزەوە پێگەیشتووە

کوردستان
14:35 - 2025-07-22

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عیراق، سەبارەت بە رێکەوتنی نێوان عیراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو، بە ئاژانسی ڕەسمی هەواڵی عیراقی ڕاگەیاندووە: هەر لایەنێک ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبێت، دەبێت ساڵێک پێش وادەی بەسەرچوونی، داواکارییەک بە نووسراوی ڕەسمی ئاراستەی لایەنی بەرانبەر بکات.
وتیشی: لەسەر بنەمای ناوەڕۆک و بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی دەرکردووە. وەکوو بەرپرسەکە ئاماژەی پێ داوە، حکوومەتی عیراق بە ئامانجی بەردەوامیدان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا، لە مانگی تەممووزی 2024ەوە لەگەڵ لایەنی تورکی دانوستانی بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەستپێکردووە.
ئاشکراشیکرد: وەزارەتی وزەی تورکیا نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عیراق کردووە و خواستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، هاوکات ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێی لە بواری وزەدا ناردووە کە لە ڕێککەوتنی پێشوو گشتگیرترە، بەو پێیەی هاوکاریی لە بواری نەوت و گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەبا لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی نەوتی عیراق خەریکی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەدایە بەو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەی لایەنی تورکی ناردوویەتی و دانوستان لەگەڵیان دەکات سەبارەت بەو بابەتە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عیراق و تورکیا بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP