لەهەولێر مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دادگایی دەكرێن

کوردستان
08:23 - 2021-07-29

سەرەڕای ناڕه‌زايه‌تييه‌ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر دۆسیەی دەستگیركردنی چالاكوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان، ئەمڕۆ 29ی 7ی 2021 لەدادگای دووی تاوانەكانی هەولێر دادگایكردنی (مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشكی) دەستیپێكرد.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا 12ی 7ی 2021 كە بڕیار بوو لە دوو دانیشتنی دادگادا 9 دەستگیركراوی تری بادینان دادگای بكرێن، بەڵام دانیشتنەكانی دادگا بۆ كاتێكی تر دواخران. رۆژی 5ی 7ی 2021 كە بڕیار بوو دادگایی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال شەریف مەجید، سلێمان كەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد) و  رۆژی 12ی 7یش (مەسعود عەلی ناسراو بەمەسعود شەنگال، شێروان تەها ئەمین، كارگەر عەباس عەلی، بەندەوار ئەیوب رەشید) بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگایەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

مانگی رابردووش كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان لەهەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: دەمانەوێت لە رۆژی دادگایكردنەكەدا رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەكە بن و بەچاوی خۆیان ئەو تۆمەتانە ببینن كە دادگا روبەڕووی كەسوكارمان دەكاتەوە
لەكۆنگرەكەدا راشیانگەیاند:دەمانەوێت كەیسەكەیان نەكرێتە كەیسێكی سیاسی و راستییەكان بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشكرابكرێن، بەتایبەت كە لەكەیسەكەدا ناوی ئەمریكاو بەریتانیاو مستەفا كازمی سەرۆك  وەزیرانی عیراق هاتووە كە گوایە كەسوكارمان "سیخوڕ"یان بۆ ئەوان كردوە، بۆیە دەبێت ئەوان هەڵوێستیان هەبێت و وەڵامیان هەبێت، چونكە ئەمریكاو بەریتانیاو سەرۆك وەزیرانی عیراق پێویستیان بەوە نیە خەڵكی كوردستان "سیخوڕ"یان بۆ بكەن، لەبەر ئەوەی خۆیان لەهەرێم كونسوڵخانەو نوێنەرایەتیان هەیە.

ئەوەشیان خستبوەڕوو: ترسمان هەیە كەیسی كەسوكارمان هاوشێوەی كەیسی چالاكوانان و رۆژنامەوانانی تری بادینان بكرێتە سیاسی و حكومێكی نادادپەروەرانە بدرێن، بۆیە داوا لەداواكاری گشتی هەرێم دەكەین بێتە سەرهێڵ و وەك كەیسی سزادراوانی تری بادینان نەكرێتە كەیسێكی سیاسی و بەلاڕێدا ببرێت بۆ كپكردنی دەنگی ئازاد.
دوای دادگایكردنی هەریەك لە(ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا، شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری) لە رۆژی 16ی 2ی 2021 لەلایەن دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرەوە بەتۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" و سزادانی هەریەكەیان بۆ ماوەی 6 ساڵ، ناڕەزایی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP