پزیشكێكی عێراقی خه‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانیای پێده‌به‌خشرێت

جیهان
14:28 - 2021-10-24


 
ره‌عد شاكر پزیشكی عێراقی لەلایەن شازادە چارلزەوە خەڵاتی "ئیمپراتۆریەتی بەریتانی" پێبه‌خشرا، خه‌ڵاته‌كه‌ش یەکێکە لە نازناوە گەورەکانی ئەو میرنشینە.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌، پزیشکێکی عیراقی بەناوی دکتۆر رەعد شاکر لەلایەن شازادە چارلزەوە خەڵاتی سەرکەوتوترین پزیشکی ئەو میرنشینەی پێبه‌خشراوه‌ کە ناوی خەڵاتی (ئیپمراتۆریەتی بەریتانیایە).

 میدیاییەکان ئاماژەیان بۆئەوەشکردوە، ئەو خەڵاتە لە پای کارە سەرکەوتوەکانی دکتۆر رەعد بوە لە بواری پزیشکیی و پەیوەندییە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان، کە توانیویەتی خزمەتێکی بێوێنەی دانیشتوانی بەریتانیا بکات.

بۆ یەکەمجارە کەسایەتییەکی عیراقی نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا کە لەلایەن جێنیشینەکانی کۆشکی شاهانییەکانی بەریتانیاوە، دەبەخشرێتە کەسانی سەرکەوتو.

دکتۆر ڕەعد شاکر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارە، نازناوی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی بە پلەی (CBE) لەلایەن شازادە چارلزەوە پێبەخشراوە بە نوێنەرایەتی شاژنە ئیلیزابێسی دوەمەوە، لەبەرئەوەی لە بواری پزیشکیی و پەیوەندییە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکاندا خزمەتی بێشوماری بە بەریتانیا گەیاندوە.

پلەی (CBE) گەورەترین نازناوی ڕێزلێنانی بەریتانییەکانە کە دەدرێت بەو کەسانەی فەرمانبەری دەوڵەتن و لە کارە ئاساییەکەی خۆیان زیاتر هەوڵیان داوە، بە واتایەکی دیکە دەبێت ئەو کەسە شوێنپەنجەی دیار بێت و خزمەتی بێوێنەی بە میرنشینەکە کردبێت.

ماوەی 12 ساڵە دکتۆر ڕەعد شاکر بەڕێوەبەری بەشی (نەشتەرگەرییەکانی مێشک و دەمار، چاو، قوڕگ و گوێ و لوت و بڕبڕەکانی مل)ە لە نەخۆشخانەی (ئیمپریال هۆسپیتەڵ)ە، ئەو نەخۆشخانەیە یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکانی بەریتانیا و دەکەوێتە ڕۆژئاوای لەندەنی پایتەختەوە.

ئەو پزیشکە لەو نەخۆشخانەیەدا کاری گەورەی کردوە و سەرپەرشتی 110 پزیشکی پسپۆڕ دەکات تەنها لەو نەخۆشخانەیەدا.

دکتۆر ڕەعد شاکر لەدایکبوی ساڵی 1948ەو لە ساڵی 1971 کۆلێژی پزیشکی گشتی لە زانکۆی بەغدای پایتەخت تەواوکردوە، ناوبراو لەئێستادا هاوڕێی زانکۆی کۆلێژی پزیشکی شاهانەی بەریتانیایە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP