بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت یەکێتییەک بنیادبنێینەوە کە یەکێتی مام بێت

کوردستان
17:37 - 2021-10-25


بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر چاویکەوت بە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

لە دیدارێکدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، گۆڕانکارییە سیاسییەکان و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق و چاکسازییەکانی یەکێتی گفتوگۆیان لەبارەوە کراو ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پەنابردن بۆ گفتوگۆی بنیادنەرانە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان، و چاکسازیکردن لەدامەزراوەکان و پێکھێنانی حکومەتێک کە لەگەڵ خواستی ھەموولایەک بێت و ببێتە مایەی خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیری زیاتر.


ھەر لە دیدارەکەدا ھاوسەرۆک روونیکردەوە سەرباری سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ھەڵبژاردن و دەرئەنجامەکان بەڵام دەتوانین بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێک کە رەنگدانەوەی گلەیی و ناڕەزایی و پێویستییەکانی ئەمڕۆی عێراق و ھەرێم بێت، و ھەموو لایەنەکان پێکەوە ھاوکاربین تا دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەرکەکانی کە خزمەتکردن، چاکسازی راستەقینە و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لەم ھەلومەرجەدا وەک خۆی جێبەجێی بکات و رێگربین لەوەی ململانێیە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر حکومەتی داھاتوو دروست بکات و شەقام بجوڵێندرێت بۆ بەرژەوەندی حیزبی.


بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەڵوێستی یەکێتی کرد و رایگەیاند زەمینە لەبارە کە وەک کورد خۆمان رێکبخەینەوە و بە یەکڕیزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر بنەمای ژیانی ھاوبەش، شەراکەت و تەوافق کە بەرژەوەندی گشتی تێدا رەچاوبکرێت گفتوگۆبکەین و پێکەوە حکومەتێک بنیادبنێن کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان بێت.


سەبارەت بە چاکسازی و رەوتی رێکخستنەوەی ژیانی حیزبی یەکێتی، ھاوسەرۆک بەوردی دوا و ووتی لە ئێستادا یەکێتی سەرلەنوێ بۆ ئەرکەکانی خەباتی حیزبی، نەتەوەیی، کوردستانی، عێراقی و ھەرێمی خۆی سازدەداتەوە و دەمانەوێت یەکێتییەک بنیادبنێینەوە کە یەکێتی مام بێت و لە ئاست خەبات و قوربانیدانی ھەموو ئەوانە بێت کە ماندووبوون بەم حیزبەوە بۆیە گۆڕانکاری و چاکسازی بۆ ئەو ئامانجە بووە و بەردەوام دەبین تا یەکێتی یەکێتی ھەموو کۆمەڵانی خەڵک بێت و یەکێتی بێت بۆ خزمەتکردن و بوژاندەوەی زیاتری ھەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP