دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران كه‌ بازرگانیان به‌ دۆلاری ساخته‌و مادده‌ی هۆشبه‌ركردوه‌

کوردستان
01:01 - 2022-01-08

مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕاپەرینی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لەدوو چالاکی جیادا دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوه‌: دوای چاودێریکردنی تۆمەتبارێک لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە کە دراوی ساختەی ئەمریکی پێ بووەو بەنیاز بووە ساخی بکاتەوە، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت. لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەسگیرا بەسەر بڕی ٨٥٠ دۆلاری ساختەدا لەفیئەی ٥٠ دۆلاریی.

تۆمەتبار (ئ، ب، ع) لەدایکبووی ١٩٩٢ دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

لەلایەکی دیکەوەو پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارێک کە بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەرە، مەفرەزەکانی پۆلیس توانیان تۆمەتبار (م، ی، م) لەدایکبووی ١٩٩٤ دەستگیر بکەن.

تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی ھۆبەی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لەئاسایشی سلێمانی دەکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP