ئه‌مریكا هاوكاریی سه‌ربازیی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سوپای ئۆكرانیا

جیهان
09:44 - 2022-01-22

هاوكات له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئۆكرانیاو روسیا و زیادبوونی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی پێكدادانی سه‌ربازیی، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئۆكرانیا، گه‌یاندنی یه‌كه‌م كاروانی هاوكارییه‌ نوێیه‌كانی له‌ بواری سه‌ربازیی بۆ ئه‌و وڵاته‌ راگه‌یاند.  

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاندوه‌، هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌ نوێیه‌كان بریتین له‌زیاتر له‌ 90 تۆن چه‌كی كوشنده‌ و ته‌قه‌مه‌نیی تایبه‌ت بۆ بواری به‌رگریكردن له‌ هێڵی روبه‌ڕووبونه‌وه‌دا.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، ره‌وانه‌كردنی ئه‌و كاروانه‌ نوێیه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌، به‌ بڕیاری جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بووه‌ و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووشدا چه‌كی زیاتر ده‌گاته‌ ئۆكرانیا.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، رووسیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی سوپای له‌دژی ئۆكرانیا جووڵه‌ پێكردوه‌، رووسیاش چه‌ندین جار هۆشداریی داوه‌ته‌ ئه‌مریكا چه‌ك به‌ ئۆكرانیا نه‌دات و ده‌ڵێت جموجوڵی سوپاكه‌ له‌ناو خاكی رووسیادایه‌و هه‌ره‌شه‌ نییه‌ بۆسه‌ر هیچ وڵاتێك.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP