قۆڵبەستکردنی (مەدینە سەعبە) لە ١٩٦٣دا

ستران عەبدولڵا
18:39 - 2024-06-09

نۆی حوزەیرانی ١٩٦٣ بوو، کوردایەتی لەمە زیاتر ناکرێ کە لە سلێمانی کرا ، لەمە زیاتر نابێ کە گەنجەکانی سلێمانیی کردیان،
کوردایەتی لە ئەوجی داکۆکی و خاوەندارێتی خۆیدا بوو، هێزی هەبوو ، خەڵکی هەبوو، (سلێمانی) هەبوو. ئێ سلێمانیش کوردی شەرمەزار نەکرد و خۆشی بەسەر بڵندی هێشتەوە.
دیمەنەکە بە خەیاڵی مێژوو بێننە بەرچاوی خۆتان..، بۆگەنێکی گەورەی ناسیونالیستی هێرشبەری دەسترێژیکەری نەتەوەی سەردەست ناوچەکەی گرتۆتەوە، پەتایەکی ئیقلیمگیرە، لە پایتەختی عەسکەر لە بەغدا بەعس و حەرەس قەومییەکەی قوڵپی تاوانی دەدا، لە دیمەشقی پایتەختی جوانی و فەرهەنگ بەعسی ئەمەوی هاتە سەرخەت و هەموو شتێکی تەسلیمی (مەکتەبی سانی) کردبوو ، لە تورکیا ئەفسەرانی خوردەبورژوا کودەتایان لە دژی نەختە دیموکراسییەکەی مەندریس بەرپابوو، لە تاران شا و شابانۆ و پان ئێرانستی فشەکەر هەناسەی لە هەموو کورد بڕیبوو، لەم زەمان و لەم مەکانە نا جۆرەدا (سلێمانیی) وتی نا بۆ کورد قڕان و نا بۆ زەعیم سدیق و نا بۆ بەعسی شۆڤێنی . نرخی ئەم نارەزاییەی بە خوێن و بە پشتوێن و بە زیندە بەچاڵکردن دا. سلێمانی کە بە شێنیی ئەهلی نوکتە و جنێوی مزرن ، پێیان عەیب بوو لە ژێر گوشاری سوپای عێراق جنێۆ بە شاخەکان بدەن.
سلێمانی وای هێناوە و تا ئێستاش باشی هێناوە، گوشار دەخاتە سەر گوشار، (حامیە) فەسڵێکە لە دەیان فەسڵ، پێش ئەو دەورە راپەڕینی ( بەردەرکی سەرا ) هەیە و دوای ئەو فەسڵەش قینی سەددام و بەعسی دووەم لە (مەدینە سەعبە) و ئەمنە سورەکە قسەیان هەیە. دوای راپەڕینیش بە شێوەی جیا گەمارۆ و جیاکاری هەس. بەس سلێمانیی هەر قەدەری کوردە و قەدەری کوردیش حەزی لێیە مۆدێلی سلێمانی گشتگیر بێت و هەموو مەملەکەت بتەنێتەوە. حەزی لێیە مۆدێلەکە پایەدار بێت لە ژیان دۆستی و لە خەبات ویستی. لە (هەڵپەڕکێ )ی بەهاری و لە (هەڵمەت)ی زستانی و دژواریدا.
سلێمانییە کە گەمارۆ دەرەقەتی نایە، فەقەت لابردنی گەمارۆ دەرفەتی تیایە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP