مژاری ئاوارەكانی هەرێم و داخستنی كامپی عەربەت

لەتيف نێروەیی
12:53 - 2024-07-18

پرسی ئاوارە و پەنابەران، نەك هەر لە جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لە ئاستی جیهانیش دەمێكە هاتۆتە رۆژڤەوە، ئەم بایەخە باڵا و خەمە گەورەیە لەوە تێپەڕیووە تەنها ئەركی دەوڵەت و سیستمە سیاسییەكان بێت، هاوشان لەگەڵ ئەوان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێونەتەوەییەكان وەك پرسی میحوەری مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
دروستیش مژاری ئاوارە و پەنابەران، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لەسەر ئاستی جیهان پرسێكی نێودەوڵەتییە و ساڵانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی چەندان كۆنگرە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەی گرنگ و فراوانی كراوە و داخراو، لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و نەهێشتنی هۆكارەكانی پشت ئاوارەبوونی هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەنجام دەدرێن و زۆر جاریش پرسی پەنابەر و ئاوارەكان دەبێتە كارتێكی بەهێزی سیاسی و بەكارهێنانی ئەو كارتەش لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان پرسێكی باوە. لە هەرێمی كوردستانیش كەم تا زۆر پرسی ئاوارە و كامپەكان كاریگەری هەبووە لەسەر ململانێی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
راستیەكەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و داخستنی كامپی ئاوارەكانی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی و هۆكارەكانی دانەخستنی كامپەكانی دیكەی سنوری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەكانی داخستن و دانەخستنی كامپەكان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان، ئەو بابەتە گرنگانەن، كە لەم شرۆڤەیەدا وەڵامیان دەدرێتەوە.

رێژەی ئاوارە و پەنابەرانی جیهان و هەرێم
بەپێی سەرچاوە فەرمییە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئاستی جیهان (١١٤) ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و دەرەكی هەن، كە ١،٣٪ی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێك دێنن. واتە لە هەشت ملیار و دوو سەد ملیۆن هاووڵاتی (١١٤) ملیۆنیان ئاوارەن، كە بەگوێرەی ئەم ئامارە لە هەر (٧٢) كەسێك یەك كەس ئاوارەیە، لە بەرامبەردا بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سەرچاوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی لێدوانی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە لە دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی رایگەیاند: نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە هەرێم ئاوارەن و بە ژمارە نووسراوە (٩٥٦) هەزار و (٢٧٨) هەزار هاووڵاتی لە وڵاتانی (سوریا، توركیا، ئێران)ەوە هاتوون و (٦٧٨) هەزاریش لە شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكانی عێراقەوە هاتوون. بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی كە كەوتبوونەتە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش. ئەگەر ئەو دەیان هەزار هاووڵاتییەی دێهاتەكانی كوردستانیش بە ئاوارە ئەژماریان بكەین كە بەهۆی بۆردومانی وڵاتانی ئیقلیمی و بەتایبەتی بەهۆی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە دێهاتەكانیان چۆڵكردووە. ئەوا رێژەی ئاوارەكانی هەرێم لە یەك ملیۆن زیاتر دەبێت. بەپێی هەندێ ئاماری نافەرمیش رێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (٦) ملیۆن كەس دەبێت لە سۆنگەی کۆی گشتی دانیشتوان، ئەوا رێژەی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان نزیکەی ١٧٪ ی كۆی گشتی دانیشتوانی هەرێم پێك دێنن. واتە لە هەر (٦) هاووڵاتییەکی هەرێم یەك هاووڵاتی ئاوارەیە. بۆیە ناكرێ‌ چاوپۆشی لەم پرسە بكرێت، چونكە كەیسی ئاوارەكانی هەرێم راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دۆخی هەمەجۆری هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

داخستنی كامپی ئاوارەكانی عەربەت
دوو ساڵ دەبێت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و بڕیاریدا كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و كامپەكان دابخرێن و بۆ ئەو مەبەستە كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات و راشیدەگەیەنێت كە دۆخی شارەكانی عێراق سەقامگیرە و مەترسی ئەمنی لەسەر شارەكان نەماوە، بۆیە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ مانەوەی ئاوارەكان لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان كە هێشتا (٦٧٦) هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان دەژین. ئیدارەی سلێمانی پێشوازی لەو بڕیارەی حكومەتی فیدرالی كرد و لە چەند رۆژی رابردوودا دوا ئاوارەی كامپی عەربەت خواحافیزی لە خانەخوێ كرد و ماڵئاوایی لە شاری سلێمانی كرد و كامپی عەربەت داخرا، بەڵام كامپەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك لەگەڵ ئەوەی دوا وادەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی کامپەکان دیاریکرابوو، بەڵام هێشتاش کامپەکان جمەی دێت لە ئاوارەكان. ئەمەش بۆتە جێگای رەخنەی وەزارەتی كۆچبەران و لێکدانەوەی جۆراجۆری بۆ دەکرێت.

گرنگی گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق لە هەرێم

ژمارەی ئاوارەكانی شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بەپێی دوا ئامار (٦٧٨) هەزار كەسە كە دەكاتە ١١،٣٪ بە گەڕانەوەیان جگە لەوەی ئەركێكی قورس لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لادەچێت، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێن دەخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەكو:
ـ لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە هەیە، ئەوكاتە ١١،٣٪ رێژەی ئاوی خواردنەوە زیاد دەبێت.
ـ لە بواری كەرتی تەندروستی دا ١١،٣٪ كێشەی تەندروستی لە هەرێم چارەسەر دەبێت، ئەو دەرمان و پێداویستییانەی كە لە ئاوارەكان خەرج دەكران، لەمەودوا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
ـ لە بواری كارەبادا ١١،٣٪ كارەبای هەرێم كە بە ئاوارەكان دەدرا، بۆ لەمەودوا ئەو بڕە كارەبایە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەبێت و بەمەش بەشێكی گرنگ لە كێشەی كارەبای هەرێم چارەسەر دەبێت.
ـ لە بواری خزمەتگوزاری شارەوانیدا، ئەو توانا مرۆیی و تەكنیكیانەی كە بۆ راگرتنی پاك و خاوێنی ناو كامپەكان بەكار دێن، بۆ لەمەودوا لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكاری دێنن.
ـ لە بواری كێشەی بێ كاری و دابینكردنی هەلی كاردا، بەهۆی بوونی سەدان هەزار ئاوارەی شارەكانی عێراق لە هەرێم و رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندابوو. بە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەرفەتی كار بۆ دەیان هەزار كرێكاری هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت.
ـ لەرووی ئەمنییەوە، تیرۆریستانی داعش بوونی ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان بە دەرفەت زانیوە كە بتوانن وەكو ئاوارە خۆیان بگەیەننە شارەكانی هەرێم و لەناو ئاوارەكاندا خۆیان مەلاس بدەن. بۆیە تا ئێستا چەندین شانەی نووستوی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون.
- لەلایەكی دیكەوە بەهۆی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا و پەكەكە دەیان هەزار هاووڵاتی لە سنوری پارێزگای دهۆك و هەولێر دێهاتەكانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەن و لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین، بۆیە ئەگەر كامپەكان چۆڵ بكرێن دەكرێ ئاوارە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو كامپانەدا نیشتەجێ بكرێن، چونكە زۆربەیان توانای دابینكردنی شوێنی حەوانەوەیان نییە.
ـ بەهۆی نەشیاوی كامپەكان بۆ ژیان، لاوازی ستانداردە تەندروستیەكان، زۆرجار پەتا و نەخۆشیە گوێزراوەكان لە بەرزبوونەوە و هەڵكشان دابوون و ئەمەش تەشەنەی كردووە، بە داخستنی كەمپەكان مەترسییەكان كەمتر دەبنەوە، لە هەموویان مەترسیدارتر بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان تەشەنەكردنی (ڤایرۆسی جگەر)ە لەناو كەمپەكاندا، كە بە یەكێك لە مەترسیدارترین نەخۆشیە گوێزراوەكان ئەژمار دەكرێت.
لە كۆتاییدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەبوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار و گوشاری بۆ داخستنی كەمپەكان و گێڕانەوەی ئاوارەكان كردبایە، نەك وەك ئێستا كە حكومەتی ناوەندی فشار بۆ داخستنیان دەكات.


Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP