نھێنی زۆر ئاشکرا کەمپی شاریا و شارێی کەمپین

ستران عەبدولڵا
18:32 - 2021-06-05

نھێنی زۆر ئاشکرا
کەمپی شاریا و شارێی کەمپین
ستران عەبدوڵلا

لەسەدا نەوەتی کێشەکانی عێراق لە دەور و خولی بۆشایی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەخولێتەوە. شەنگالیش بە جینۆساید و ئاوارەیی و نەگبەتییەوە ناونیشانێکی دیارە لەم کایەدا. ئەوی لە کەمپ و خێوەتگەی شاریا روویدا بەشێکی دیمەنە تراژیدییەکەیە با تەنانەت شانۆی رووداوەکە ، شوێنی خێوەتگەکە، لە ناو قوڵلایی دەڤەری بادینان لەقەزای سێمێل بێت کە کێشەی لەسەر نییە و بەشێکە لە ھەرێمی رەسمی کوردستان.

خێوەتگەکە دەرەنجامە و سەرەتاکە لە شوێنی ترە ، ئەم   دۆسێ ھەستیار و گەرمەی ناوی پرۆسەی سیاسیی عێراقە چەند ساڵێکە لەوەکەوتووە بجولێ و خنەخێکی پێ بکرێت. ھەموو شتێکی وەستاوە  وەک ئەو زیاد لە پەنجا بەندوباوەی دەستووری وڵات کە لەتەنیشتێوە نووسراوە « ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێ» و بۆتە کۆدی مەیین و تەگبیری پێشوەختە بۆ  لەجێچەقین و پێ کوتێ.
ناوچەی کێشە لەسەر کەس دڵی پێوەنییە خاوەندارێتی یەکلاکەرەوەی لێ بکات، نە پێکھاتە ھەمەرەنگەکانی و نە ھێزە ململانێکارەکانی و  سەرەنجامیش نە حکومەتی ئیتحادی و نە ھی ھەرێمیش.
مەعلومە وزە لەشتێکی ناسنامە تەماوی خەرج ناکرێ ھەرچەندە ھەتا وزەی وا خەرج نەکرێت پرسەکە لە شوێنی خۆی ناجولێ و کەس ھێزی پێ پەیدا نابێ.
لە ناو ناوچە کێشە لەسەرەکانیش جوگرافیای دەڤەرە کوردستانییەکانی موسڵ بە تایبەتی ھەمە ناسنامەترین و ئالۆزترینیانە. کتلەیەکی چڕ و پڕە لە گرفت و ململانێ و ھەروەھا لە چانس و دەرفەتیش ئەگەر سیاسەت لەم مەملەکەتە ناوەرۆکەکەی بەخۆیەوە بوایە :تەگبیر و تەدبیر و ڕام کردن.
لەو درزی واقیعە تاڵە و لەو جەرگە کونکونانەوە بەڵای ناگاھان و گرفتی لە ناکاو دێتە نێوانەوە، قاعیدە و داعش، جێنوساید و شەڕ و ماڵوێرانی و ھزری توندڕەوی تایفەگەری و شۆڤێنی پاڵەوانی ناشیرینی ئەو ژینگە نالەبارەن.
دەردی سەرباری دەردان ئەوەیە دوای چەند ساڵ لە تێکشکانی داعش ھێشتا ئاسەواری جەبەروتی جارانی لە شەنگاڵ چارەنەکراوە، نە ئاوەدانییەکی مام ناوەندی و تەداروکێکی شایانی ژیان و نە گێرانەوەیەکی ئابڕوومەندانەی ئاوارە و پەرتەوازەکانی ناوخۆی وڵات ھیچی جێبەجێ نەکراوە. تراژیدیای ئەوانەی پەڕیوەی وڵاتان بوون و کچانی زوڵملێکراوی سەربەرزیش کە کەیسەکانیان گەورەترین پەڵەیە بە نێوچەوانی مرۆڤایەتی ھاوچەرخ و سیاسەتی کورتھێنی ئیقلیمی و جیھانییەوە، لەولاوە بوەستێت.

ژینگەی وا ناجۆر و ناپەسەند ، ئاوارەکان، نەک تەنھا ئاوارەی ئێزدی ، بەڵکو ئاوارە لە ھەموو شوێنێکی دونیا ، دەکاتە نێچیری مامەڵە و سەودای دڵرەقانەوە، وەک سەودای کردنی نیشتەنی و خێوەتی ئاوارەبوونیان بە حەوزی ھەڵبژاردن و بە بارمتەبردنی دەنگەکانیان لە کەمپینی ململانێ « دیموکراسییەکاندا».
ژینگەی دڵرەقی لەو شێوە ھاندەری گێرانەوە، ناردنەوە و ئینجا دامەزراندنەوەیەکی تۆکمە نییە کە مەسڵەحەتی حەوزی دەنگکۆکردنەوەکە کەمەندکێشترە لە ھیمەتی گێڕانەوەیان بۆ زێدی باو و باپیرانیان.
بەغدا و ھەرێم پێشبڕکێیەکی پەنھانیان ھەیە لەسەر سستی کردن لە دۆسێی چارەسەری شەنگال . تەنانەت رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەم جوگرافیایەدا نەیتوانی رەزامەندییەکی گشتی بەرھەمبێنێ. خاوەنەکانی نەیانتوانی جولەی پێبکەن و نارازییەکانیش نەیانتوانی شتێکی جیاواز بسەپێنن. واتا « ئینی تاس و ئینی ھەمام»ی کەشوھەوا سیاسییەکەی ناوچە کێشە لەسەرەکان. 
لە دۆخی وادا ئاشکراترین نھێنی ئەوەیە ھۆکاری ئەم گڕتێبەربوونەی خێوەتی شاریا بناسرێت. بەڵام فەزای میدیای ئەجیندایی کوردستان زیاتر خەیاڵی لای پارەی سووتاوی ناو دەخیلەی کاسبکارێکی ئۆردوگاکەیە نەک شتی تر کە ھەقە فۆکسی زیاتری بخرێتەسەر

سەرەنجام دەکرێ بڵێین تا ئێستا شتێکی وا نەگۆڕاوە لەرەوشەکە، بەڵام دەبێ وردتر بین نا شتێک گۆڕاوە ، وەختێک ئیدارەی دھۆك بڕیاری داوە بەرپرسی کەمپەکە بگۆڕێت و یەکێکی تر لە جێی کەمتەرخەم دابنێت.
بەس کێشە ئەوەیە جارێکی تریش سوتانێکی تر قەوما

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP