هەژارترین پارێزگا لە عێراقدا

هاوکار قادر
10:46 - 2024-09-10

"هەژارترین پارێزگا لە عیراقدا" تایتڵ و رستەیەك نییە هەروا بە ئاسانی بێتە بەر گوێ و بە چاو بخوێنرێتەوە و تێپەڕێت، بەڵکو دەبێت هەڵوەستەیەك بکرێت و وەك تاوانێكی ئابوری و مرۆڤایەتی تەماشای بکرێت. بەڵێ تاوان! چونکە ناکرێت لە وڵاتێکی وەك عیراق دەوڵەمەند بەسەرچاوەی سروشتی، خاوەن یەدەگێکی 100 ملیار دۆلاری، 150 تۆن زێڕ، پارێزگایەكی هەبێت نیوەی دانیشتوانەکەی لەخوار هێڵی هەژاریەوە بن.

هەژاری و چەرمەسەری دانیشتوانی پارێزگای موسەننا لە باشوری عیراق، بۆتە جێی سەرنج و پرسیار؛ بۆچی ئەوەندە هەژارە؟ بۆچی دوای 21 ساڵ لە عیراقی دوای دیکتاتۆری و نەمانی گەمارۆی ئابوری، هێشتا ئەو پارێزگایەی باشوری وڵاتەکە ناسنامەی هەژارترینی پێبدرێت؟، لە دوو دەیەی رابردودا داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دۆلاربوە، بۆچی موسەننا لەبیری دەسەڵاتدا نەبوە؟ کێ بەرپرسە؟ تەنها حکومەتی عیراق یاخود حکومەتە خۆجێیەکانی؟ سروشت غەدریلێکردوەو هیچ سەرچاوەیەکی نییە خۆبژێوی بکات و چاو لەدەست و چاوەڕێی داهاتی ناوەند نەبێت؟.

موسەننا لەرابردودا؛ خاوەن شارستانێتییەکی دێرینی وەك سۆمەری بوە، کە رۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە دیرۆکی دێریندا هەبوە، شاری وەرکای ئاوەدان کردۆتەوە کە پێنج هەزار ساڵ پێش زایین لە باکوری خۆرهەڵاتی ناوەندی پارێزگاکە بونیادنراوە و چالاکی کشتوکاڵی تێدا کراوە.
ئەمرۆش کشتوکاڵ بەڕێژەیەکی کەم (یەکێك لە کەرتە گرنگەکانی رەخساندنی هەلیکار لە ئابوری)، چیمەنتۆ، نەوت، خوێ و خورما و مەڕوماڵات لە پارێزگاکەدا هەیە،  ئەگەرچی بەرهەمی زۆر نییە، بەڵام بەو مانایە نا کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و سامانی خۆی نەبێت، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەمە و بە گوێرەی  سەرژمێرییەکانی رابردو بێت تەنها لە سەروو 800 هەزار کەسی تێدا دەژین، دوای پارێزگای ئەنباریش، دووەم گەورەترین پارێزگای وڵاتە لەڕوی جوگرافییەوە، واتە 12%ی روبەری عیراق، بەڵام 85%ی خاکەکەی بیابانە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی (طریق الشعب)، دانیشتوانی موسەننا هەژارترینن لە عیراقدا، کە بۆ ئەمەش پشتی بە ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەستوە و گوایە لە عێراق 10 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، کە موسەننا بە تەنها 52%ی خەڵکەکەی لە ژێر ئەو هێڵەدان و ژیان و گوزەرانیان زەحمەت و قورسە، بە پێوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی پارێزگاکە داهاتی رۆژانەیان کەمتر لە 2 هەزار و 500 دیناری عیراقییە.

خەڵکی موسەننا پەنایان بۆ هەموو لایەنێك بردوە بۆئەوەی بە هانایانەوە بچن، یارمەتیدەریان بن و لەو رەوشە ناهەموارە رزگاریان بکەن، هەرچەندە بەڵێنی زۆریان پێدراوە، بەڵام وەك خۆیان بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردوە، تەنها قسەی بێ کرداریان گوێ لێبووە و کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.

ئەم زانیارییە پوختە بۆ تێگەیشتنە لە واقیعی پارێزگایەك لە باشوری عیراق، کە سەرەڕای زەبەلاحی بودجەی وڵات و داهاتی فرۆشی نەوت، بەڵام نیوەی زیاتری دانیشتوانەکەی لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین و لە رابردودا نە حکومەتە خۆجێیەکان و نە حکومەتی عیراقیش نەیانتوانیوە لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستیاندا بن و لە هەژاری رزگاریان بکەن.

ئێستا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی خۆجێی موسەننادا، ئومێدێك هەیە بۆ کارکردن بە پلانێکی نوێ و بە ویستێکی جیاوازترەوە، ئەوەش وایکرد خودی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆمار بچێتە پارێزگاکە و بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پسپۆڕان و ئەکادیمیست و جەماوەرێکی بەرفراوان  کۆببێتەوە و لە نزیکەوە بزانێت بۆچی 21 ساڵە هیچ بۆ ئەو پارێزگایە نەکراوە؟ بۆچی گەشەی ئابوری و سەقامگیری و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانی نەگەیشتۆتە ئەو پارێزگایە؟ بۆیە هەم پێشنیاری خستەڕو، هەم سکاڵا و پێشنیار و دەردەدڵیی خەڵکەکەی وەرگرت و بڕیارە کاری لەسەر بکات.
سەرۆك کۆمار لەبەردەم جەماوەرێکی بەرفراواندا وتی؛ ناتوانین ئەو ئاڵنگاریانە پشتگوێبخەین، کە لەبەردەم ئەم پارێزگا ئازیزەدایە. بۆ ئێمە جێگای داخ و بە ئازارە ئەم پارێزگایە هەندێکجار لە سەرووی لیستی هەژارترین پارێزگاکانەوە بێت، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە.

ئەو سەردانە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندەی پارێزگاکە و ئاوڕلێدانەوەی جدی. بەتایبەت، کە لەگەڵ بونی سامانی سروشتی، پارێزگا ناوچەی گەشتیاریی "ساوە"ی لێیە، کە دەریاچەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنەوە پێویستی بە وەبەرهێنانێکی گەورەیە تا ببێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لەو بیابانە وشکەدا.

ئەوەی گوزەر بە پارێزگاکانی باشوری عیراقدا نەکات، ئاستی بێ خزمەتگوزاری و دواکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خراپی رەوشی ژیان هەست پێناکات، کە ئەوەش وایکردوە هەمیشە دەنگی ناڕەزایی بەرزبێت و داواکاری بۆ ژیانێکی باشتر و شایستە ببێتە پرسێکی رۆژانە. ئەم رەوشەی وڵاتیش بە گشتی لەکاتێکدایە، کە داهاتێکی زەبەلاحی فرۆشتنی نەوتی هەیە و بۆ نمونە ساڵی 2022 گەیشتە 115 ملیار دۆلار.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە