فۆبیای هەڵبژاردن لای پارتی و ترس لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز

نیاز سەعید عەلی
19:30 - 2024-10-16

پارتی بە تیۆری پیلانگێڕی خوێندنەوە و شیکردنەوە و  لێکدانەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکات، پێیوایە بە چەشنی ئاشبەتاڵ، گەورەترین هەڕەشە و مەترسییان لەسەرە و ئەوەی روودەدات، شەڕی مان و نەمانە
بەدەر لە هۆکارە خۆیی و بابەتییەکانی پەیوەست بە سیاسەت و شێوازی خراپی بەڕێوەبردنی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستاندا،کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و کاردانەوە و رەخنە، بە پلەی یەکەم لە دژی پارتی و حکومەت، ئەو حکومەتەی پارتی، بە تاکڕەوی، بەخۆسەپێنی و قۆرخکاری دەیباتبەڕێوە، چەندین هۆکار و فاکتەریتر لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵ و نەخش و کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز هەیە بە زیانی پارتی.
هۆکار و فاکتەرەکانی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەم هەڵبژاردنەدا
یەکەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، جێی باسە ئەمە یەکەمینجارە ئەو کۆمسیۆنە لەبری (کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی کوردستان)ی هەڵوەشاوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات،کە بەهۆی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عیراق لە (21/2/2024)دا هەڵوەشایەوە.
کۆمسیۆنی کوردستان لە رابردوودا زیاتر لەژێر هەژموون و جڵەو و ئاڕاستەی پارتیدا بوو، لە هەڵبژاردنی رابردووی (2018)دا، بەهۆی کۆمسیۆنەوە توانیبووی دەنگێکی بێشومار، بە ساختە و بە دەستکاریکردن، لە سنووری هەولێر و بادینان بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ژمارەی کورسییەکانی پێ زیاد بکات.
لەبەرئەوەی پارتی هەژموونی بەسەر کۆمسیۆنی عیراقدا نییە، پێناچێت لەم هەڵبژاردنەدا بتوانێت بەچەشنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو ساختەکاری و دەستکاریکردن لە ئەنجامەکاندا بکات.
دووەم: کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی کۆتای کەمایەتییەکان لە یانزدە کورسییەوە بۆ پێنج کورسی و دابەشکردنی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، پارتی بەسوودوەرگرتن لە پێگە و هەژموونی بەهێزی لەناو کۆمسیۆنی کوردستان و بە قۆستنەوەی سیستەمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن و تەکتیکی دەنگدان بە ئاسانی توانیبووی هەموو، یان زۆرینەی رەهای کورسیی کۆتای کەمایەتییەکان، بۆ خۆی قۆرخ و مسۆگەر بکات.
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عیراق لە بڕیارێکدا، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی لە (111) ئەندام کەمکردەوە بۆ (100) ئەندام و یانزدە کورسییەکەی کۆتای کەمایەتییەکانی لێ دەرکرد، دواتر لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لەکۆی ئەو (100) کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتای کەمایەتییەکان تەرخانکرا و بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرا.
بەم بڕیارە پارتی ئەو یانزدە کورسییە مسۆگەرە پێشوەختانەی لەدەستدا و هیچ ئاماژەیەک لەئارادا نییە بتوانێت هەموو ئەو پێنج کورسییە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
سێیەم: پەیڕەویکردنی سیستەمی چوار بازنەیی بۆ دەنگدان لەبری سیستەمێکی بازنەیی، کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا پەیڕەوکرا و پارتی لە رێگەی کۆمسیۆنەوە بە تەکتیک و قۆستنەوە، سوودی لە یاسای هەڵبژاردن وەرگرت و دەنگەکانی بەسەر بازنەکاندا بە شێوازێک دابەشکرد، تاکو هێزە سیاسییەکانیتر نەتوانن لە سنووری هەولێر و بادینان کورسیی زۆر بەدەستبهێنن، لە بەرامبەردا خۆی  بتوانێت لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، بە تەکتیکی هەڵبژاردن کورسیی زیاتر لە شایستەیی خۆی مسۆگەر بکات.
چوارەم: کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە لیستی تۆماری دەنگدەرانی تۆمار و کارپێکراوی لای خۆی،کە پشت بە سیستەمی بایۆمەتری و فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتمانی ئەبەستێت، نەک تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵوەشاوەی کوردستان،کە پڕ بوو لە سەدان هەزار ناوی مردوو، ساختە، دووبارە، کۆچکردووی هەندەران، بندیوار و هاووڵاتییانی پارچەکانی تری کوردستان.
پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە هۆی باڵادەستیی بەسەر کۆمسیۆنی کوردستاندا، توانی بە پشت بەستن بەم ژمارە بێ ئەندازەیەی دەنگدەری نایاسایی و ساختە، چەندین کورسیی مسۆگەر بکات، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، دەرگا بەڕووی ئەو چانسەدا داخراوە و ناتوانێت ئەزموونی هەڵبژاردنی (2018) دووبارە بکاتەوە.
پێنجەم: دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و فەرمیی دەنگدان، هێزە سیاسییە بەشدار و خاوەن کورسییە براوەکانی هەڵبژاردن، دەتوانن هاوپەیمانێتیی زۆرینە پێکبهێنن بۆ دروستکردنی حکومەت.
پارتی لە هەڵبژاردنی (2018)دا، بە هۆی ساختەکاری و یانزە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان، (56) کورسی،کە ئەکاتە (نیوە زائید یەک)ی لە پەرلەماندا بۆ خۆی مسۆگەرکردبوو، بەهۆیەوە تووشی لەخۆباییبوون و بێ منەتی بووبوو.


لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ دەرفەت و زەمینەیەک بۆ پارتی لەئارا نییە تاکو بتوانێت هێندەی کورسییەکانی پێشوو بەدەستبهێنێت، ناتوانێت بە ئاسانی و بەچەشنی پێشوو، بێتە هێزی زۆرینە و خاوەن هەژموون و بڕیار و دەسەڵات بە سەر پەرلەمان و حکومەتدا، ئەمە ئەگەر هاوپەیمانێتیی نێوان (یەکێتی) و هێزە سیاسییە خاوەن کورسییەکانی تر، پارتی بەناچاری نەکەنە هێزی ئۆپۆزسیۆن.
جێی ئاماژەیە، پارتی هێشتا بەتەواوی بەنجی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا بەرینەداوە، دەترسێت هەمان ئەزموون بە شێوازێکیتر لە پێکهێنانی حکومەتی تازەی هەرێمی کوردستاندا دووبارە بێتەوە و بەهۆیەوە بەنجەکەی تازە و درێژبێتەوە.
لەم سۆنگەیەوە سەرکردایەتیی پارتی ترسێکی گەورەی لێنیشتووە، بە هۆی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نەیار و دژ بە(پارتی)، بەسەرپەرشتیی یەکێتی و بە بەشداریی ژمارەیەک لەهێزە سیاسییەکانیتر، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.
شەشەم: ژمارەیەک لەهێزە سیاسییە بەشداربووە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن، ناکۆکی و کێشەیان لەگەڵ پارتی هەیە، بەتایبەتی لەکار و کردەوە و هەڵوێستە توندەکانی مەسرور بارزانی ناڕازین، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرتەسککردنەوەی چانسی دروستکردنی حکومەتی ئیئتیلافی لەبەردەمی مەسرور بارزانیدا، ئەگەر چانس یاوەری بوو!.
حەوتەم: دروستبوونی کۆدەنگییەک بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە دژی پارتی و لاوازکردنی لەناو ناوەندی بڕیار و سیستەمی فەرمانڕەوایی و لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسییە سەرەکییە بەشدارەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان.
 فۆبیا یان خەمە گەورەکە!
پارتی بەهۆی دروستبوونی کۆدەنگی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەکوردستان، درکی بەخەم و ترسێکی زۆر گەورە (فۆبیا) کردوە، لەلایەکیتر نیگەران و هەراسانە بە بوونی ئاڕاستە و پرۆژە و ویستێکی عیراقی، بەتایبەتی لەلایەن هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و لەقاڵبدانی پارتی و بەرتەسککردنەوەی قەبارە و رۆڵ و بەشداریی و  کاریگەریی لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا.
جێی ئاماژەیە سەرچاوەی نیگەرانی و رەخنە و بێ متمانەیی هێزە فەرمانڕەواکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، لەبەرامبەر پارتی هیچ پەیوەندییەکی بەناکۆکی و کێشەی نەتەوەییەوە نییە، بەڵکو لە سێ رەهەندەوە سەرچاوەی گرتووە: 
رەهەندی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ مانۆڕی سیاسی و بژاردەی پارتی لەناو پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای (2003)وە، کە بە بەردەوامی لەسەر ئاستی عیراق داشکاوەتەوە بەلای پێکهاتەی عەرەبی سووننەدا، هەرکاتێکیش بەگونجاو و پێویستی زانیبێت درێغی نەکردووە لە قۆستنەوەی دەرفەت بۆ دژایەتیکردنیان، لە نموونەی چوونە ناو هاوپەیمانێتیی رەوتی سەدر و بەشێک لە هێزەکانی عەرەبی سووننە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عیراق لە (2022)دا. 
رەهەندی دووەم پەیوەستە بە پەیوەندییە ئیقلیمییەکانی پارتی، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و سعودیە و ئیمارات و ئەردەن، چونکە لەدید و جیهانبینیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی فەرمانڕەوادا، ئەو وڵاتانە بە هۆی جیاوازی و ناکۆکی ئایینزایی و جیاوازیی بەرژەوەندیی سیاسی و ستراتیژییەوە، دەکەونە خانەی نەیار لە دژی باڵادەستیی ئایینزای شیعە، لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عیراقی دوای (2003)، بە تایبەتی کە ئەو چوار وڵاتە، بە میکانیزم و رێگەی جیاجیا، لە دوای (2003)ەوە، پشتیوانیی ئایینزایی و سیاسی و دیبلۆماسیی هێزە سیاسییەکانی عەرەبی سووننەیان کردووە، هەروەها کۆمەکی دارایی زۆریان کردوون، ئەویش بە ئامانجی بەهێزبوون و بەرەنگاربوونەوەی پێگەی ئایینزای شیعە لەناو دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی عیراقدا، هاوکات پێیانوابووە لە رێگەی لاوازکردنی پێگەی شیعەکان لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عیراقدا، دەتوانن پێگەو هەژموونی دەوڵەتی ئێران لە عیراقدا لاواز بکەن و کاریگەریی بووژانەوە و پەلهاویشتنی دیاردەی بووژانەوەی شیعەگەرێتی لەناوچەکەدا سنووردار بکەن. 
هێزە سیاسییە بەشدارە سەرەکییە فەرمانڕەواکانی شیعە، چەند بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن بەرەنگاری پەلهاویشتنی پێگە و دەست تێوەردانی ئەو وڵاتانە ببنەوە، بەهەمان شێوە لەناوخۆی عیراقیشدا، هەوڵ بۆ لاوازکردن و پەراوێزخستنی رەوتی سەدر و پارتی و هێزە سیاسییەکانی عەرەبی سووننەی وابەستە بەو وڵاتانە دەدەن.
رەهەندی سێیەم لە هەرێمی کوردستاندا، بنەماڵەی بارزانی بەگشتی بوونەتە خاوەنی سەرمایەی گەورە و بەرژەوەندیی ئابووریی زەبەلاح، بۆ پاراستن و بەردەوامی و گەشەپێدانی سەرمایە و کاری بازرگانی و بەرژەوەندییەکانیان، پێویستیان بە دەسەڵاتێکی رەهای تۆتالیتاری خۆسەپێنەر هەیە.


پارتی بەرنامەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی حکومەتیان، بە پراکتیکی خستۆتە خزمەتی دوو ئامانج، ئەویش بەرژەوەندیی ئابووریی بنەماڵە و خێزان، لەگەڵ مسۆگەرکردن و پاراستنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی خێزانی بارزانی.
لەم پێودانگەوە، هەر هەنگاوێک لەناو پرۆسەی سیاسیدا پیادە و جێبەجێ بکەن، دەبێت گرێی بدەن بە مەرجی خزمەتکردنی ئامانج و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان، بە بەکارهێنان و پاڵپشتیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی، ئیتر لێرەوە دەبنە تاکڕەو و قۆرخکاری حکومەت و زەوتکەری سامان و داهاتی کوردستان و...هتد.
لەسەر ئەو بنەمایە هەموو کێشە و ناکۆکی و ململانییەکانی پارتی، لەناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی عیراق،گرێدراوە بەو دوو ئامانجەوە و لەپێناویدا ململانێ دەکات، هەر بۆیە ئامادە نییە دەستیان لێ هەڵبگرێت.
لەم سۆنگەیەوە پارتی، دروشمی کوردایەتی کردۆتە کراسەکەی عوسمان و مانۆ و موزایەدەی پێوە دەکات، هاوکات کردوویەتە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ئەو دوو ئامانجە، لەسەر ئەم بنەمایە، لەگەڵ کێ و چ لایەنێک، لە پێناوی ئەو (2) ئامانجە، تووشی ناکۆکی و بەریەککەوتن و ململانێ ببێت، ئەوا بە دیماگۆکی و فریودەرانە، لە میدیا و سۆشیال میدیادا، بەرگێکی کوردایەتی بەبەردا دەکات. 
پارتی لەبەر ئەو دوو ئامانجە، لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەبەغدا، لەکێشە و ململانییەکی قووڵ و ئاڵۆزدایە، بنەڕەت و ناوەڕۆکی کێشە و ناکۆکییەکان، پەیوەستە بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی بنەماڵە بارزانی، نەک کوردایەتی و بەرژەوەندییە گشتییەکان.
خۆدزینەوەی پارتی لە هەنگاونانی پراکتیکی بۆ چارەسەر و یەکلاکردنەوەی ناکــــۆکی و کێشەکـــــان، لەکاردانەوەدا چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە هیواخواز و پێشوازگەرم بن بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەکوردستان، تاکو بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەلتەرناتیڤێکی میانڕەو بکەن، چونکە متمانەیان بەپارتی نەماوە.
خوانێک کوشندەتر لە خوانەکەی مەسیح!
 پارتی بە تیۆری پیلانگێڕی، خوێندنەوە و شیکردنەوە و  لێکدانەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکات، پێیوایە بە چەشنی ئاشبەتاڵ، گەورەترین هەڕەشە و مەترسیان لەسەرە و ئەوەی روودەدات، شەڕی مان و نەمانە، دەبێت بەهەموو توانایان بەرگریی لەمانەوە و پارێزگاری لە باڵادەستیی دەسەڵاتی بازنەی یەکەمی ماڵی بارزانی و پارتی بکەن، چونکە ناتوانن بەرگەی بەرتەسکبوونەوەی قەبارە و کەمبوونەوەی دەسەڵات و لەدەستدانی جڵەوی کایە و جوومگە بەهێزەکانی فەرمانڕەوایی بگرن، بەتایبەتی حکومەت، پەرلەمان، هەولێری پایتەخت، دۆسیەی نەوت و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و ...هتد.
بارزانی و کوڕەکانی لەم هەڵبژاردنەدا، تووشی فۆبیای ئەنجامە ترسناکەکانی لاوازبوون، یان دۆڕاندن بوون، لەلایەک لەبەرامبەر یەکێتیی و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، لەلایەکی تر لەبەرامبەر دەوڵەتی ئێران و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.
گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و لەدەستدانی زۆرینە لەناو پەرلەمانی داهاتوو، دەبێتە دوو شکست بۆ ئەوان، شکستێک بۆ خودی پارتی، شکستی دووەم بۆ مەسعود بارزانی  و کوڕەکانی.
لەکاتی روودانی ئەم شکستەدا، هۆکار و ئۆباڵی شکستەکە دەکەوێتە ئەستۆی بازنەی یەکەمی بنەماڵە،  بەمەش ئەستێرەی نێچیرڤان بارزانی روو لەدرەوشانەوە دەکاتەوە، هاوکات بارزانی و کوڕەکانی، ترسێکی تریان لەلا دروست دەبێت، ئەو کاتەی کە خۆیان داناوە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام بە بێ بەدەستهێنانی کورسی زۆرینە، ترسی ئەوەی کە مەسرور بارزانی، نەتوانێت دەنگی (50 + 1)، لەناو پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازە بەدەستبهێنێت، ئەوکاتە وەکو دیفاکتۆ، هەل و چانس و زەمینە بۆ نێچیرڤان بارزانی بڕەخسێت و ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت.
لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، ئەگەر پارتی چانسی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی پێدرا، ئەوا هێز و لایەنە نەیار و رکابەرەکانی بارزانی و کوڕەکانی،کە ژمارەیان کەم نییە، مەسرور بارزانی رەتبکەنەوە و ئەو چانسە بدەن بە نێچیرڤان بارزانی، ئەمیش لەپێناوی هەستانەوە و بەهێزکردنەوەی پێگە و هەژموونی خۆی و لاوازکردنی ئامۆزا رکابەرەکەی پەسەندی بکات، ئەو کات تورکیا و ئێران و بەشێک لەهێزە سیاسییەکانی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەش پشتیوانی لەم بژاردەیە دەکەن.
ئەم خوانەش لەسەر سفرەی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بۆ پارتی و بارزانی، دەبێتە خوانێک مەگەر حەزرەتی مەسیح زاخاوەکەی نۆشی بێت.
کێ لەخەمی شکستی پارتیدایە؟
پێشبینی دەکرێت تورکیا لەکاتی شکستی پارتیدا، نەتوانێت ئارام بگرێت و کاردانەوەی هەبێت، لە دژی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە زیانی پارتی، لەم سۆنگەیەوە بە ئەنجەت و پاساوی دروستبوونی کەلێن و  بۆشایی  بۆ پەکەکە و بە بیانووی دروستبوونی هەڕەشە و مەترسی، لەسەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی لە هەولێر و  بادینان دەستتێوەردانی سیاسی و سەربازی بکات بە چەشنی ئەزموونەکانی دەستتێوەردانی سەربازی و سیاسیی لە قوبرس و سووریا و لیبیا.

لەلایەکی تر پێدەچێت بەشێک لە هێزەکانی عەرەبی سووننە و رەوتی سەدر نیگەران بن بەلاوازبوونی پێگەی پارتی، جێی ئاماژەیە ئەو هێزە سیاسییانە هیچیان لەناو پرۆسەی فەرمانڕەوایی عیراقدا بەهێز و خاوەن بڕیار وکاریگەر نین، ناتوانن دەستتێوەردان و کاردانەوە بە بەرژەوەندیی پارتی ئەنجام بدەن.
پێشبینی دەکرێت لەدوای راگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی دەنگدان بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەمان ئەزموونی ناکۆکی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییە خاوەن کورسییەکانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لە هەرێمی کوردستان دووبارە بێتەوە و لەدەرەنجامدا هەل و زەمینە بڕەخسێت بۆ دەستتێوەردانی ئێران و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و لەدوایین دەرەفتیشدا، پڕۆژەیەکیتر لە نموونەی ئەو چوارچێوەیە لەکوردستان، لە دژی پارتی پێکبهێنرێت، وەک چۆن لە دژی رەوتی سەدر پێکیانهێنا، یان حکومەتێک پێکبهێنرێت چیتر پارتی نەتوانێت تیایدا ببێتە تاکڕەو و قۆرخکار و باڵادەست، بە چەشنی حکومەتی پێشوو، یان ببێتە زووخاو بۆ خەڵکی کوردستان، یان ببێتە قیرسچمە بۆ حکومەتی ناوەند.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP