زۆر زەحمەتە هەروا زوو سەر لەوە دەربکەین کە چی لە سوریا بە تایبەتی له حەلەب دەگوزەرێت, تا ئێستا خوێندنەوە و زانينی ئاراستەی روداوەکان روون نييه و راستییەکان بە ئاسانی خۆیان بەدەستەوە نادەن .
ئەو هێزە ئیسلامییانەی هێرشەکانیان دەست پێکردوە پێشتریش هەر هەبوون بهڵام دوای ئهوهی له ساڵی 2015 زۆربهی ناوچهكانيان لهدهستدا كش و مات له ههندێك شوێندا مابوونهوه بهلام رۆژی چوارشهممەی رابردوو له ناكاودا هێرشێكيان دهست پێكرد.
پەرەسەندنی ئەم دواییەی حەلەب، ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی بارودۆخی قەیراناوی و گرژی سوریایە. دەکرێت روداوەکانی سوریا بە چەند هۆکارێکی گرێدراو بەیەکەوە ڕوون بکرێتەوە:.
١- ململانێی نێوان لایەنە ناوخۆییەکان: پەرەسەندنەکە هێرش کردنە سەر یەک لە نێوان سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکان لە لادێکانی حەلەب و ئیدلب. گروپە چەکدارەکان بارودۆخی ئێستا دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی، لەکاتێکدا سوپای سوریا هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێتەوە کە شایەتحاڵی پێشێلکارییەکان بوون
٢- رەهەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان: ململانێی ئێستای حەلەب بهشێكه لە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و لێی جیاناکرێتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لە دەستێوەردانی ناڕاستەوخۆی لایەنە ناوچەیی و دەرەکییەکان وەک تورکیا دەکەن، کە هەڵوێستێکی نادیاری سەبارەت بەم کردارە سەربازییە هەیە و هەندێک سەرچاوەی ناوچەیی ئاماژە بۆ بوونی تورکیا لە پشت هەموو ئەو سیناریۆ تازانەوە دهكهن ، ئەم رووداوانەی ئێستاش بەرجەستەی بەردەوامی کێبڕکێکان لە پێناو ههژمونی كارهكتهره سهرهكييهكان له باكوری سوريا .
٣-قەیرانی مرۆیی وەک هاندەرێک بۆ ململانێکان: کەمی هاوکارییە مرۆییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا گرژییەکان زیاتر دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەو ناوچانەی کێشەی تێدایە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان
فشارەکان لەسەر دانیشتووان و لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش وایکردووە هەندێک لایەن دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانیان..
٤- ژینگەی سیاسی و سەربازی: رەنگە پەرەسەندنەکە پەیوەندی بە دووبارە پێگەی لایەنە ناکۆکەکانەوە هەبێت و هەوڵێک بێت بۆ باشترکردنی هەلومەرجی دانوستان لەسەر ئاستی سیاسی، جا چ لە ناوخۆدا بێت یان لە چوارچێوەی دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە سوریاوە بێت ئەمەش دووبارە ئەگەری تێوەگلانی تورکیا زیاتردەکات کە هەوڵێکی زۆری بۆ دانوستان لەگەڵ سوریا داوە.
بۆیە ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت تەنها شەڕێکی مەیدانی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی قووڵترە کە رەهەندی مرۆیی و سیاسی و سەربازی لەخۆدەگرێت، وەک چۆن هەر لایەنێک لەژێر ڕۆشنایی واقیعێکی گۆڕاودا هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت.
ترسناکی ئەم شەرەی ئێستا لە گەلێک خاڵدا بەرجەستە دەبێت :
١-هێزە هێرشبەرە بەرهەڵستکارەکان بەوە ناسراون کە زۆر توندرەون و بەشێکن لە قاعیدە و سەرچاوەکان ئاماژە بۆئەوە دەكەن كە ٢٦ گروپی ئیسلامی توندرەو چونەتە پاڵیان لە ناویاندا گروپەكانی داعش و کەتیبەی ئۆزبەکی و جەیش ئەلتورکستانی و جەیش ئەلحەقئیمارەتی قۆقازی و زۆری تر بەسەرکردایەتی ئەبو موحەمەد جۆلانی کەپێشتر سەرکردایەتی جەبهەی نوسرەی دەکرد پێش گۆڕینی ناوەکەی بۆ هیئە تحریر الشام .
٢-جاران حزبووڵڵای لوبنانی لەگەڵ سوپای ئەسەد رووبەڕووی ئەو هێزانە وەستابوونەوە بەڵام حزبووڵڵای لوبنانی دوای شەری ئیسرائیل ناوچەکەی چۆڵ کرد بۆیە چاوەروان دەکرێت کە ئەم هێزانە سەرەتا بتوانن چەند ناوچەیەکی فراوان داگیر بکەن . پرسیارەکەش ئەوەیە ئایا بەرەو دیمەشق دەرۆن یان نا ؟ ئایا مەبەستیان روخاندنی رژێمی ئەسەدە ؟
٣- تا ئێستاش بەتەواوەتی روون نییە نەزانراوە کێ دەستی لەم سیناریۆیەدا هەیە.
بەڵام وادیارە لەم چەند رۆژانەی داهاتوودا زۆربەی گرێکان دەکرێنەوەو وێنەکانێش روون دەبن .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP