هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری و مافی هاووڵاتیبوون

سۆران داودی
10:38 - 2025-01-23

لە هەنگاوێکی مێژووییدا کە رەنگدانەوەی  رەوتێکە بەرەو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەکردنی مافەکانی هاووڵاتی بوون، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره‌ دا، كه‌ پەیوەست بوو بە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان. 
ئەم بڕیارانە مایه‌ی ئازار و خه‌می دوور و درێژی هەزاران بنەماڵە بووه‌و بەشێکیشه‌ لە سیاسەتە ناڕه‌واكانی رژێمی پێشوو کە ئامانجی گۆڕینی سیمای دیمۆگرافی و زه‌وتكردنی مافی کەمینە نەتەوەییەکان بوو لە عیراقدا.

رۆڵی سەرەکی یەکێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران
نوێنه‌ره‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا، رۆڵی سەرەکییان لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە هه‌بوو و هەوڵێکی زۆریان دا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی پەرلەمانتارانی عیراق، به‌ هەماهەنگی لەگەڵ لایه‌نه‌ سیاسییە جیاوازەکان بۆ دەستەبەرکردنی دەنگەکان به‌ مه‌به‌ستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی بەعس‌، نوێنەرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کاریان بۆ تیشکخستنەسەر گه‌وره‌یی ئەو ئازارانە كرد کە بەهۆی ئەم سیاسەتە ناڕەوایانەوە سه‌ریان هه‌ڵدابوو‌، هەروەها بۆ روونکردنەوەی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ده‌بێت رووبەڕوویان ببنه‌وه‌ وەک هەنگاوێک بەرەو هێنانەدی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنه‌كانیان.

 هه‌ماهه‌نگی لایەنە سیاسییە كوردستانییه‌كان
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە ستایشی ئەم دەستکەوتە، جەختی لەوە کردەوە کە رۆڵی کارای نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە یەکلاکەرەوە بووه‌، ئاماژەی بەوەش دا کە هه‌ماهه‌نگی نێوان هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییه‌كان بنەمای ئەم هەنگاوە گرنگە بووە.
هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە، نەک هەر مافی جوتیارانی کورد و تورکمان دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو هێمای دەستپێکی چارەسەرکردنی میراتی قورسی سیاسەتە جیاکارییەکانە، کە رژێمی به‌عسی پێشوو بە جێی هێشتووە، هەروەها ئەم بڕیارە متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراقدا قوڵتر دەکاتەوە و رێگە بۆ قۆناغێکی نوێی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی خۆش دەکات.

گرنگی یەکڕیزیی نیشتمانی
ئەم دەستکەوتە ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ گرنگی یەکڕیزیی نیشتمانی و كاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان لە پێناو بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عیراق، نوێنه‌ره‌كانی یەکێتی سەلماندیان کە ‌هاوکاریی كردنی سیاسی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر خاڵێكی گرنگه‌ بۆ گەیشتن بەو دەستکەوتانەی کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوڵاتیاندایه‌، بەبێ گوێدانە ئینتمای نەتەوەیی و مەزهەبییەکانیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم بارەیەوه‌ رایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە دەستکەوتێکی مێژووییە کە مافه‌كان بۆ خاوەنه‌كانیان دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش به‌ هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکان هاتۆته‌ دی، بە تایبه‌تی نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. هەروەها روونیکردەوە کە “ئەم بڕیارە دەبێ سەرەتای هەنگاوی دیكه‌ بێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی قیاده‌ی سه‌ورەش‌ هەنگاوی یەکەمە بەرەو سه‌رله‌ نوێ بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقیدا”، ئه‌م بڕیاره ئه‌وه‌ دووپات دەکاتەوە کە كاری پێكه‌وه‌یی و هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان دەتوانێت دەستکەوتی راستەقینە بەدەستبهێنێت کە له‌ خزمەت بەرژەوەندییەکانی هەموواندا بێت.

ئیرادەی بنیاتنانی عیراقێکی نوێ
ئەم بڕیارە به‌رجه‌سته‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ ئیرادەی بنیاتنانی عێراقیکی نوێ کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا زامن بێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یەکە‌ بۆ رۆڵی پێشەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لە سەرتاسەری عیراقدا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP