کەرکوک لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە یەکێکە لە ئاڵۆزترین پارێزگاکان، کە تێیدا بەرژەوەندیی هێزە کوردی و عەرەبی و تورکمانییەکان تێکەڵ بەیەک دەبن و هەر گۆڕانکارییەکیش لە ئیدارەکەیدا دەبێتە مایەی مشتومڕێکی بەرفراوانی نێوانیان. پۆستی پارێزگاریش یەکێکە لە هەستیارترین و گرنگترین مەسەلەکان، هەندێک فراکسیۆنی عەرەبی و بەرەی تورکمانی دژی ئەوەن ئەم پۆستە بە دەست کوردەوەیە، سەرەڕای بوونی ئیدارەیەکی هاوبەش کە هەوڵی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتە جیاجیاکاندا دەدات.
ئیدارەی ئێستای کەرکوک
ئیدارەی ئێستای کەرکوک بە پێی میکانیزمێک پێکهێنرا، بە ئامانجی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان و هەروەها بۆ ئامادەکردنی زەمینەیەکی پتەوی لێکتێگەیشتن، ئیدارەی ئێستای کەرکوک بەم جۆرەی خوارەوە پێکهاتووە.
پارێزگارێکی کورد، کە نوێنەرایەتی پارتی براوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا دەکات، سەرۆکێکی عەرەب بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی پێکهاتەی عەرەبی لە پڕوسەی بڕیاردان، جێگرێکی پارێزگاری تورکمان بۆ رەنگدانەوەی راستەقینەی بوونی تورکمان لە ئیدارەی کەرکوکدا.
هەرچەندە پێدەچێت ئەم فۆرمەلەیە، جۆرێک لە کۆدەنگیی سیاسیی بەدەستهێنابێت، بەڵام دژایەتی هەندێک کوتلەی عەرەبی و بەرەی تورکمانی دەریدەخات کە هێشتا ناکۆکییەکان هەر ماون.
لایەنەکانی دژ بە کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، پشت بە دەرکردنی بەیاننامەی سیاسی دەبەستن، وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ دەربڕینی رەتکردنەوەی خۆیان. ئەم بەیاننامانە لە چوارچێوەی رەخنەگرتن لە بڕیارەکانی ئیدارەی کەرکوک بەولاوە هیچی تر لە خۆی ناگرێت، هەروەها گومان خستنە سەر شەرعیەتی ئەو رێککەوتنانەی کە ئەنجام دراوە و بوونە هۆی دەستبەکاربوونی پارێزگارێکی کورد.
ئاماژە بەوەش دەکەن، کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لەوانەیە هەڵوێستی ئیدارەی ئێستا بەهێز بکات، بەرامبەر لاوازکردنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنەکان.
سەرکەوتنی ئیدارە نوێی كەركوك
ئەگەری هەیە ئۆپۆزسیۆن درک بەوە بکەن، کە سەرکەوتنی ئیدارەی نوێی كەركوك لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی هەمەلايەن، رەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی سیاسیی خودی ئۆپۆزسیۆن، بۆیە لە رێگەی میدیاکانی خۆیانەوە کار بۆ گومان خستنە سەر هەر دەستکەوتێک دەکەن کە ئیدارەی کەرکوک بەدەستی هێنابێت. وا دیارە پارێزگاری ئێستای کەرکوک نەک تەنها لای کورد، بەڵکو لە نێو عەرەب و تورکمانیشدا جێی متمانەو قبوڵکردنە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردنی ئیدارەى کەرکوک بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان کە بەرجەستەکردنێکی جوانی سیاسەتی چەپکەگوڵەکەی رەوانشاد مام جەلالە، ئەمە جگە لەوەی گرنگی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گەشەپێدانی شارەکە دەدات بەبێ جیاوازی. ئەم شێوازی کارە یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری لە پارێزگادا و ژینگەیەکی ئەرێنی دروستکرد، کە پاڵپشتی لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بکات، فاکتەرێکی بەهێزیشە بەرامبەر ناڕەزاییە سیاسییەکان.
کاریگەریی ململانێی سیاسی لەسەر کەرکوک
ناکرێت دوور لە گۆڕەپانی سیاسی گشتی عیراق تەماشای دۆخی کەرکوک بکرێت، چونکە هەندێک لەوەی لە کەرکوک روودەدات، بە هۆی کاریگەریی ململانێکانی نێوان بەغدا و هەولێر و نێوان هێزە سیاسییەکانی ناو حکومەتی عیراقەوەیە. ئەم پارێزگایە بە خاڵی لێکەوتی نێوان هەژموونی کورد و عەرەب و تورکمان دادەنرێت، ئەمەش وا دەکات هەر گۆڕانکارییەک لە ئیدارەکەیدا رووبدات، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی هێز لەناو عیراقدا دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئاڵۆزییانە، گەیشتن بە سەقامگیری لە کەرکوک پەیوەستە بە رادەی توانای ئیدارەی ئێستا، بۆ بەدەستهێنانی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و سەلماندنی ئەوەی، کە توانای کارکردنی لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکاندا هەیە، نەک تەنها لایەنێک.
لەگەڵ بەردەوامبوونی دیمەنی سیاسی ئێستا، دەتوانرێت چاوەڕوانی کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆ بکرێت وەکو:
1 - ئۆپۆزسیۆن بەبێ گۆڕانکاری راستەقینە بەردەوامە، بەو پێیەی فراکسیۆنەکان بەردەوامن لە دەرکردنی بەیاننامە و دەربڕینی دژایەتی و رەتکردنەوەی خۆیان بۆ ئیدارەی کەرکوک، بەڵام بەبێ ئەوەی کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر کارەکانی ئیدارەکە هەبێت.
2 - ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەست بکەن نفوزی خۆیان لەناو پارێزگادا لەدەست دەدەن، ئەوا ئاستی بەرهەڵستکاری سیاسیی و میدیایی خۆیان زیاتر دەکەن.
3 - ئامادەیی و کرانەوە بەرامبەر هەر دانوستانێک، ئەگەر ئیدارەی هاوبەش بتوانێت پڕۆژەی گەشەپێدان برەو پێبدات، کە وەک دەستکەوتێک بۆ هەموو پێکهاتەکانە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دژایەتی کردن. وا دیارە لە ئاستی جەماوەریدا پارێزگاری ئێستای کەرکوک نەک تەنها لای کورد، بەڵکو لە نێو عەرەب و تورکمانیشدا قبوڵکردنی بەرفراوانی هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بە یەکسانی، ئەمە جگە لەوەی گرنگی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گەیشتن بە گەشەپێدان بەبێ جیاوازی دەدات. ئەم رێبازە یارمەتیدەر بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری لە پارێزگادا و ژینگەیەکی ئەرێنی دروستکرد کە پاڵپشتی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دەدات و رەنگە فاکتەرێکی بەهێز بێت بۆ ئیدارەی ئێستا، بەرامبەر ناڕەزاییە سیاسییەکان.
نموونەیەکی بچوککراوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکان
کەرکوک وەک نموونەیەکی بچوککراوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عیراق دەمێنێتەوە، کە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و سیاسییەکان لە سەکۆیەکی هەستیاردا تێکەڵ دەبن و پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە. لەکاتێکدا ئیدارەی هاوبەش هەوڵ دەدات لە رێگەی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە سەقامگیری بەدەستبهێنێت، بەڵام رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە پەیوەندیی بە دژایەتیی هەندێک فراکسیۆنەوە هەیە، کە هەوڵدەدەن لە رێگەی لێدوانی سیاسی و میدیاییەوە رێگری لە هەوڵەکانی بکەن. بەڵام ئەو قبوڵکردنە جەماوەرییەی کە پارێزگاری ئێستا لەنێو پێکهاتە جیاوازەکاندا بەدەستی هێناوە، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە سەقامگیریی لە پارێزگاکەدا کە ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە هێورکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان.
لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی ئیدارەی کەرکوک لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەرجەستە کراودا، رەنگە هۆکاری یەکلاکەرەوە بێت لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەمەش وا دەکات داهاتووی کەرکوک وابەستەی راددەی توانای سەرکردە ناوخۆییەکان بێت، بۆ بەدەستهێنانی هاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینە و بەردەوام، پێدەچێت ئیدارەی ئێستاش سوور بێت لەسەر ئەوەی پارێزگاکە لە بازنەی ئاسایش و هاوبەشیی راستەقینەدا بهێڵێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP