واژۆکردنی رێکەوتنی نێوان مەزڵوم کۆبانێ و سەرۆکی کاتی دەسەڵاتی دیمەشق بەگشتی بۆ ئاشتی و راگرتنی شەڕ گرنگە.
ئەم پرۆسە بچێتە پێش کاریگەری لەسەر ئاشتی ناوچەکەش دەبێت کە ئەمە بۆ کورد بەر لەهەر لایەکی تر گرنگترە.
لەشەڕدا قەسەد بەهێزەوە مایەوەو لەشوێنی خۆیان راوەستان.
لە رێکەوتنی ئاشتیشدا دیبلۆماسیانەو بەهێزەوە مەزڵوم عەبدی دەرکەوت.
ساتەوەختی رێکەوتنەکە بۆ رۆژئاوا گرنگ بوو.
بۆ حوکمڕانی ئێستای دیمەشقیش بەهەمان شێوە، هەر لایەک بە ئاراستەی خۆی.
شارەزایانی سیاسی بە خوێندنەوەی، دەزانن ئەو دەقی رێکەوتنە پاشکۆو میکانیزی جێبەجێکردنیشی هەیە.
لەم نێوەندەدا بوونی ئەمریکا وەک چاودێر ئومێدی چونە پێشی رێکەوتنەکە زیاتر دەکات.
ئەزمونی رۆژئاوا لە دیڤاکتۆوە بەرەو قۆناغی دەستوریی و یاسایی بون دەڕوات، دوای تێپەڕاندنی مەترسیەکانی ئەم چەند ساڵە. وا دەردەکەوێت تورکیا خۆشحاڵ نەبێ بەو رێکەوتنە چونکە دەیویست لەناو ئەو ئاڵۆزیەدا زیاتر گەمارۆی رۆژئاوا بدات.
رێکەوتنی نێوان مەزڵوم کۆبانێ و دیمەشق داننانە بە بون و پێگەی کورد لە سوریا بە هێزو ئیرادەشەوە.
بەدەقی رێکەوتنەکەدا جەنەراڵەکەی کورد وەک نوێنەری پێکهاتەکانی تریش دەرکەوت ئەمەش مانادارە.
تێکەڵبونی سەربازی و ئیداریی بەمانای تواندنەوە نایەت، بەڵکو دەمج کردنە.
ئەگەر دیمەشق زەمینەی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە نەڕەخسێنێ فشاری زۆرتری دەکەوێتە سەر لەو فشارانە زیاتر کە ئێستا لەسەریەتی لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی دژی عەلەوی ئەنجامدران و ئەو هەڕەشانەی لە دروزەکان دەکرێت. کات دیاری کراوە بۆ جێبەجێکردن ئەمەش هەردوو لا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی راپەڕاندنی ئەرک.
هێزی بەرگری و لەسەرپێوەستانی شەڕڤانان وای کرد نوێنەرەکەی رۆژئاڤا لە رێکەوتنی ئاشتیدا بەهێزەوە لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق دەربکەوێ.
بەم رێکەوتنەی کە ئەنجام درا، ئەو رۆژانەی بیر هێنامەوە کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە پرۆسەی بەیاسایی کردن و ناساندنی ئەزمونی رۆژئاوای کوردستانمان بردە پێش و، بوو بە بڕیارو دەستکەوتێکی گرنگی جێ شانازی هەرێمی کوردستان. بەڵام ناوەڕۆکی بڕیارەکەی پەرلەمان هێشتا نەک جێبەجێ نەکراوە، جەخار هەنگاوی پێچەوانەشی بۆ نرا.
لەم میانەدا بوونی دڵەڕاوکێ لەلایەن دۆستانی ئاشتیەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە جۆلانی خاوەن سەربەخۆیی بڕیار نیەو بەویست نەهاتۆتە ژێر بار بەڵکو فشار گەیاندیە ئەو رێکەوتنە. دواجار نابێ ئەوەش فەرامۆش بکرێ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لە پرنسیپەکانی خۆیان دەستبەردار نابن و خۆیان بۆ ئەگەری تەڵەزگەش ئامادە کردوەو ئەو دیوەیان نادیدە نەگرتوە.
بەپێی بنەماکانی ئەم رێکەوتنە قۆناغێکی نوێی راگوزەری بەڕێوەبردن بەبەشداری کورد لە سوریا دەستپێ دەکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP