ئەمڕۆ هەشتی ئاپریل /نیسان ،بیست و پێنج ساڵە رابەر و سەرکردە و روناکبیری بلیمەت ، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد مێژویەکی پڕ لە سەروەریی جێ هێشتوە بۆ گەل و کوردستانەکەی.
راستە مامۆستای مەزن بیست و پێنج ساڵە بە جەستە لە نێوماندا نییە ،بەڵام گەنجینە بە نرخ و دەوڵەمەندە فیکریی ، سیاسیی ، ئەدەبیی و قانونییەکانی هەمیشە لە هزری رۆڵەکانی گەلەکەیدایە .
مامۆستای مەزن ناوبانگە پایەدارەکەی لە ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانە نەبڕاوەیەیدا رەگی داکوتاوە کە لە هەڕەتی جەوانییەوە خۆی بۆ تەرخانکرد تا دواماڵئاوایش درێژەی پێدا . ئیبراهیم ئەحمەد لە هەلومەرجێکدا شانی بەردایە بەر خەبات کە گەل و نەتەوەکەی لە ژان و ئازار و بەش مەینەتییەکی ئاڵۆزدا بو ، ئەویش کە رێبواری نێو ئەو دژوارییە بو ، لە نێو تولە رێ و لێورەوار و تەنگەکاندا شارەزاییەکی پڕ ئەزمونی وەرگرت لە دۆزینەوەی رێگای راست و بوە رابەرێکی گەورە بۆ شاڕێی خەبات بەرەو سەرکەوتن .
لە نێو کوێرەوەرییەکان ، لەو ساتانەی کە رۆژگارەکانی ئەنگوستە چاو بون ،مامۆستا برایم ئەحمەد ، رێگاکەی هەر بە روناکیی دەبینی و گەلەکەی بە گیانی نوچ نەدان هان دەدا لە سەختی رێگا نەترسن و لە سامی تاریکیی سڵ نەکەنەوە . بەڕێزیان کە قاڵبوی شێوازەکانی خەبات بو ، رێکخەر و بەشدارێکی کارای خۆپیشاندانە ئاشتیخوازییە جەماوەرییەکەی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠ ی شاری سلێمانی بو ،کە هێزەکانی رژێمی ئەو کاتە بە گوللە وەڵامی داواکاریی رەوای کۆمەڵانی خەڵکیان دایەوە . ، ئەوەش یەکەمین شێوازی خەباتی شار و جەماوەریی بوو کە سەرکردەی مەزن کاك نەوشیروان ی خوێندکاری خوێندنگەکەی مامۆستا برایم ئەحمەد بە سەردەمی قەڵەم و موراجەعات ناوی بردوە .
ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان ،دە ساڵی تەواو لەرێی گۆڤاری گەلاوێژەوە تەواوی تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ رۆشنبیرکردنی رۆڵەکانی وڵات تا خەبات بە چەکی هوشیاریی سیاسیی و روناکبیریی بکات .
ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان کە موڵکی نەتەوەیی کوردە دور لە هەمو ئایدۆلۆژیایەك ، خەباتی چڕ کردوەتەوە بۆ سەرخستنی مافی رەوای کورد لە هەر بەشێك بێت .لەو روەشەوە هەمیشە هەوڵی داوە کە لە نوسینە سیاسیی ،ئەدەبیی و روناکبیرییەکانیدا ماناو و واتایەکی مرۆڤ دۆستانە بدات بە خەباتی کوردایەتی ، دور لەو تۆمەتانەی کە شۆڤێنییەکان دەیدەنە پاڵ کورد ،هەوڵیشی داوە کە نەتەوەی سەردەست هێندە باغر نەبێت بەوەی کورد دەچەوسێنێتەوە .
نامیلکەی العرب و الاکراد چاپی ١٩٣٧ کە سەرچاوەیەکی زۆر بەهادارە و بۆ ئەم سەردەمەشمان نرخ و بەهای مەزنی هەیە و بەناوی دەستەیەك لە جەوانانی کورد بڵاوکراوەتەوە ، لە نوسینی ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی کوردە ، تیایدا نەخشەیەکی رێگای زۆر تۆکمە و زانستیی داڕشتوە ، بۆ پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب لە عێراق و بەشەکانی تریشدا .
وەك سەرۆك مامجەلالی مەزن لە پێشەکی چاپی دوەمی کتێبەکەدا دەفەرموێت “ئەم کتێبە بەڵگە نامەیەکی مێژویی گرنگە بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ کورد و خەبایە رزگاریخوازە کەی ،چونکە ئەو راستییە دەخاتە رو کە پێشکەوتنخوازانی کورد پەی دەبەن بەوەی کە پەیوەندییەکی دێرینی خەبات کورد و عەرەب پێکەوە دەبەستێت ، ئەوەش بنەمایەکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی دیموکراتیکی رزگاریخوازی کورد و گەیشتن بە مافە رەواکانی ، بەڵگە نامەیەکی گرنگە چونکە هێڵە گشتییەکانی خەباتی هاوبەشی رونکردوەتەوە ،ئەو راستیەشی بەرجەستە کردووە.
مامۆستا برایم ئەحمەد وەك چۆن لە نوسینە سیاسییەکاندا هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی چینی کرێکار و جوتیاران بوە و خانەکانی خوارەوەی کوردەواریی کردوەتە ئیلهامی نوسینە بە پێزەکانی بۆ خستنە روی ویست داوا رەواکانی گەلەکەی ، لە بەرهەم و شاکارە ئەدەبییەکانیشیدا هەر ئەوانن پاڵەوانی چیرۆك و شیعرەکانی ،هانی داون بۆ بەردەوامیی خەبات و کۆڵنەدان چونکە دوا رۆژ و ئایندە بۆ ئەوانە نەك چەوسێنەرەکان .
ئێستاش بەرهەمەکانی ئەم رابەرە روناکبیرە خۆنەویستە نرخ و بەهای گەورەیان هەیە بۆ خەبات و داواکارییە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەر بەشێکدا بن . راستە بیرو تێزە کانی مامۆستا برایم ئەحمەد بۆ رزگار بونی نەتەوەکەی بە ئامانجی سەربەخۆییە ،بەڵام ئەوە رێگر نەبوە لەوەی داوای پێکەوە ژیانی بە ئاشتیی و ئارەزومەندانەی کورد بکات لەو بەشانەی بەسەریدا دابەشکراوە .
مامۆستای مەزن وەك لە شیعری (هەر کورد دەبین )دا راستیی و واقیعی بارودۆخەکەی خستوەتە رو ،هەمیشە وەك سیمبولێکی ئاشتیخوازی نەتەوەیی و جەماهیریی ، پێداگر لەسەر پێویستیی و حەتمەیەتی شاد بونی کورد بە مافی رەوای ئازادیی و دیموکراسیی دەمێنێتەوە .
درود و نەمریی بۆ ئەم رابەرە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان کە تەواوی تەمەنی بەخشی بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بە سەرفرازیی بژی .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP