دیدار خستنەڕووی دیدگای نوێ كە تەنیا شیاو بە باڵای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و یەكێتییەكانە

پێشڕەو مەلاوەیسی
19:53 - 2025-04-23

ئەوەی جێگەی شانازی بوو بۆ من، دیدار بوو بە دیداری هەڤاڵان و سەرۆكی حیزبەكەمان، لە هەمووشی گرنگتر ڕاستگۆی و ڕەوانی وتارەكان بوو، بۆیە بە مانای ووشە دیدار، دیداری نەخشاند، وەك زەماوەندی یەكێتییەكان خۆی نەخشاندبوو لە بەرچاوم، جۆش و خرۆشی ئەندامانی دیدار بۆ یەكێتی دەتووت ئەو ڕۆژانەیە كە تەنیا كوڕانی یەكێتی ئاوێزانی شاخ و دۆڵ و گردۆڵكەو پێدەشتەكانی گەرمیان بوونە بۆ ڕزگاری گەلەكەمان، بۆیە دەمەوێ بڵێم دیدار وێستگەیەكی سیاسی و حیزبی یەكێتی و یەكێتیەكانە، كە تەنیا شیاو بە باڵای یەكێتی و یەكێتیەكانە، وە هەر یەكێتیش جورئەتی ئەوەی هەیە خۆی بخاتە بەر پێنوس و گوتار و گوفتاری كادیرەكانی، ئاخر كە یەكێتییەك وابێت چۆن؟ شانازی بە یەكێتیی بوون و دیدارمانەوە نەكەین!!

 دەمەوێ، بێمە سەر وتەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی” سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كە بەوپەڕی دلێری و بوێرییەوە پڕ بە گەرووی لە بەرچاوی كامێراكان، دەڵێت پشتیوانی خوشك و براكانمان دەبین لە هەركوێیەكی ئەم جیهان و نەخشە سەپێنراوە بێت، ئەوەش دەرخەری زیاتر و تەئكیدكردنەوەیە لەسەر نیشتیمانی و نەتەوەیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كە بەشێكی زۆری حیزب و ڕێكخراوە كوردییەكان نەك لە بەرچاووی كامێراكان، بگرە لە ژوورە تاریكەكانیشدا ناوێرن و ناتوانن لەسەر ئەو پرسە قسەبكەن، سەبارەت بە  پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەو پەڕی بەرچاو ڕوونی خستە ڕوو بۆ ئەندامانی دیدار، چی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهان كە ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە یەكێتی بەرەو لوتكەی پێشكەوتنی پەیوەندییە ناوخۆی و هەرێمی و نێو دەوڵەتییەكان. كەوتووەتەڕێ.

 لەبارەی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی” وەك هەمیشە هیچ فلتەرێكی لە نێوان خۆی و ئەندامانی دیدار نەهێشتەوە و هەمووانیشی دڵخۆشكرد بەو پێشكەوتنانەی یەكێتی بەدەستی هێناوە.

 پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، و بەڵێنەكانی یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی” سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، هەموو بەڕچاو ڕوونییەكی خستە بەردەم دیدی كادیران و كوردستانیان، كە یەكێتی نەك ئامادەنییە لەسەر یەك ووشە سازش بكات، بەڵكو بەڵێنەكانی بردووەتە سەر،  بێگومان ئەوەش وایە، كوا؟ ئەو غرورەی پێكهێنانی كابینەی نۆ! ، كوا؟ بە جێهێشتنی یەكێتی!  كوا؟  گوێنەدان بۆڕای یەكێتی! هەموو ئەمانە دەستكەوتی سەركەوتنی یەكێتی و ژیری و دنیا بینی سیاسییانەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە.

 بۆیە هەقمە، بڵێم دیدار تەنیا شیاو بە باڵای یەكێتی و یەكێتیەكانە و بەس.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP