لەدنیای بەدەستهێنانی ماف و ئازادیدا، تێكۆشان و شۆڕش بە پێی سەردەمەكان جیاواز بوون، وەك شۆڕشی ڕزگاری گەلی كورد لەباشور و شۆڕشی پێشەوا قازی، لە ڕۆژ هەڵات و شۆڕشی پاراستنی تاكی كورد و سەرفرازی لە ڕۆژ ئاوا و شۆڕشی ئازادی و پاراستنی زمان و كلتوری نەتەوەیی وەك باكور، ئەمانە مشتێكن لەو خەرمانەی شۆڕشی كورد بەرامبەر نەیارەكانی بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی و سەرفرازی گەل و ڕزگاری لەدەستی زوڵم و زۆری گەلانی سەردەست و داگیر كەر.
ئەوەی دەمەوێ بڵێم، بڕیاری دانانی چەك لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان، پەكە كە، بە دیوە شۆڕشگێڕییەكەیدا وا ئاسان نییە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بڕیارێكی دروستە، گۆڕینەوەی بە شۆڕشی فكری و تێكۆشانی سیاسی و دبلۆماسی باشترین بژاردەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد لە باشور، بۆیە بە بڕوای تەواوە دەڵێم بژاردەی دانانی چەك و هەڵبژاردنی شۆڕشی فكری جوانترین و پیرۆزترین شۆڕشە، بۆ ئێستای جیهان و گەیشتنی گەلی كوردی ستەم دیدە لە جیهانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕەنگە، دانانی چەك لەدەستی كەسانی شۆڕشگێر و بەرگریكاردا بڕیارێكی وا ئاسان نەبێت، چونكە چەك و هەڵگرانی چەك دووانەیەكی لێك دانەبڕاون و ئاوێتەی یەكدی دەبن، بەڵام دەبێت تێبفكرن كە بۆ ئەم قۆناغە گۆڕینەوەی بە شۆڕشی فكری و دیموكراسی ڕێگە دروستەكەی تێكۆشانە بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازییەكانی میلەتی كورد لەم گێژاوی پركێشمە كێشمەی جیهاندا، كە قوتدان و لە ناوبردنی هێزە بچوكەكان ئاسان بووە بۆ زلهێزەكان، كوردیش وەك گەلێكی بێ پشتیوان ناتوانێت لەو گێژاوە جیهانییەدا براوە بێت، بۆیە هەڵبژادنی شۆڕشی فكری باشترین و پیرۆزترین بژاردەی شۆڕشە لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
نمونەی نزیكیش، باشوری كوردستان، بەڕابەرایەتی سەرۆك (مام جەلال) لە پرۆسەی ئازادی عێراق دركی بە كۆتایی هێنانی شۆڕشی چەكداری كرد، توانیشی سەركەوتوو بێت، وەك چەسپاندنی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و جێگیركردنی لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا، دان نان بە هێزی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی.
بۆیە، دەڵێم ئێوەی پارتی كرێكارانی كوردستان، لەدوای ٢٢ساڵ لەو بڕیارەی سەرۆك (مام جەلال) ئێوەش پیرۆزتان بێت شۆڕشی فكری و دیموكراسی بۆ باكور بەهیوای سەركەوتن و بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد لە باكور.
پێشڕەو مەلاوەیسی
ڕۆژنامەنوس و میدكار
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP