لە سەروبەندی بارودۆخە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و ئەو تەگەرانەی ڕووبەڕووی پرسی گەلان دەبنەوە، ڕاگەیاندنی پەکەکە بۆ بەپیلەرە چوونی بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانان بە هەنگاوێکی ئازایانە و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی دادەنرێت کە دەتوانێت ڕێگا بۆ قۆناغێکی نوێی کاری سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەکە دابمەزرێنێت.
ئەم بڕیارە، کە لە قۆناغێکی چارەنووسسازی مێژووی پرسی کورد هاتووە، تەنها گۆڕانێک نییە لە ستراتیژی پەکەکەدا ، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵی ژیرانەیە بۆڕوانینێکی نوێی ئامرازەکانی خەبات و گواستنەوەی پرسەکە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و سیاسەت. ئەمە هەنگاوێکە پێویستی بە ئازایەتییەکی دلێرانەی تایبەت و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ داخستنی لاپەڕەیەکی درێژی ململانێ و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بە ناونیشانی لێک تێگەیشتن و بنیاتنانی داهاتوو.
هەر لایەنێک کاری بۆ ڕاگرتنی خوێنڕێژی و ڕێخۆشکردن بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و فراوان بۆ پرسی کورد لە تورکیا کردبێت جێگەی رێزو شانازییە، لە پێش هەموویانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەمیشە لە پێشەنگەکانی داکۆکیکردن لە چارەسەری ئاشتییانە بووە. یەکێتی لەسەر ڕێچکەی رەوان شاد سەرۆک مام جەلال ڕۆیشتووە، ئەو پیاوەی کە ژیانی خۆی بۆ ئاشتی تەرخان کرد ، کە هەمیشە پێی وابوو کە پرسی کورد تەنها بە چەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە بیر و گفتوگۆ و کاری دیپلۆماسی دانایانە چارەسەر دەکرێت.
مێژوو سەلماندوویەتی کە چارەسەرە سەربازییەکان تەنها قووڵکردنەوەی کارەسات و ئاڵۆزکردنی قەیرانەکانی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ئاشتی ڕاستەقینە تاکە ڕێگایە بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێی پێشکەوتن و گەشەکردن. ئەمڕۆ، کاتێک لایەنەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە بۆچوونەکان یەکدەخرێت ، دەرگا نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ لە باکووری کوردستاندا بەڵکو دەرگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی تورکیا لەسەر بنەمای نوێی دادپەروەری و هاوڵاتیبوون دەکەنەوە.
دەبێت چەکدانان بەرامبەر بێت بە هەنگاوی سیاسی دیارو روون ، لە چاکسازی دەستووری، دانپێدانان بە ناسنامەی کوردی، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ چالاکی سیاسی و کەلتووری. بەبێ ئەم هەنگاوانە، پرۆسەکە تەواو نابێت و نیازە باشەکان بە شێوەیەکی روون بەرجەستە بەرجەستە نابن .
هیوایەکی گەورە لە ئارادایە کە ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ ڕێچکەیەکی ڕاستەقینە بەرەو ئاشتی، نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکە. چونکە چارەسەرکردنی پرسی کورد کلیلی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەروازەیەکە بۆ دامەزراندنی هاوسەنگییەکی نوێ لەسەر بنەمای ماف، نەک بەرژەوەندی تەسک.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP