رۆژی میدیای یەكێتی - لە نیوەی رێگای نوێكردنەوە بۆ كوردستانێكی نوێ

ستران عەبدولڵا
13:13 - 2021-11-02

رۆژی میدیای یەكێتی
٢-
 لە نیوەی رێگای نوێكردنەوە بۆ كوردستانێكی نوێ

ستران عەبدوڵلا
سەرپەرشتیاری مەکتەبی راگەیاندن

رەوتی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتییەكەی مام پڕە لە دەرس ‌و دەور كە ئێمەی میدیاكاری یەكێتی ئەركمانە بەشە میدیاییەكەی بەسەر بكەینەوە و شتی لێ فێر بین. ساڵی 1992 هێشتا (16) ساڵ بوو  كە یەكێتی دامەزرابوو كە هەڕەتی تەمەنی لاوێتی بەردەوامی یەكێتی ‌و شۆڕشەكەی بوو، بەڵام رێككەوتەكەشی كەوتە دەورانی كوردستانی دوای راپەڕین كە ئیتر بە تاریفی ئەدەبیاتی ماو ماسییەكەی شۆڕش لەناو ئاوی جەماوەری خۆی هەناسەی دەدا ‌و مەلەوانی دەكرد، ئیتر ئەمە كوردستانی رزگارە ‌و یەكێتی دامەزراوە زۆر و زەوەندەكانی هێنایە ناو شارەكانی كوردستانی ئازادەوە. بە دەزگای ناوەندی راگەیاندنیشەوە. كە (ئێزگەكە) ‌و (الشرارە) ‌و (رێبازی نوێ) بەشێكی سەرەكی بوون لێی جگە لە بڵاوكراوە دەورییەكانی تریش كە هاوشانی بڵاوكراوەكانی ناوەندی رۆشنبیری كۆمەڵە ‌و بڵاوكراوەكانی شۆڕشگێران دیمەنێكی فەرهەنگی ‌و میدیاییان دابووە شۆڕشێكی پێشمەرگانەی رەوا و ئازا ‌و ئازاد. دەزگای ناوەندی راگەیاندن كە لە قۆناغی شار تیڤی بەناوی پاشگری رادیۆكەیەوە كردە دیاری بۆ كوردستانی ئازاد كە بیری لە رۆژنامەی دوای راپەڕین كردەوە شتی نوێی داهێنا.
بۆ كوردستانێكی نوێ رۆژنامەی رۆژانەی (كوردستانی نوێ) ی داهێنا كە ئەوە گرێیەكی دەروونی لە مێژووی نەتەوەی كورد ‌و رۆنامەگەری كوردی كردەوە چونكە كورد و یەكێتی بەوە سەلماندیان دەكرێ رۆژانە بە كوردی بنووسین ‌و خەبەر بدەین ‌و رووماڵ بكەین. ئینجا ویستی فیدرالی ‌و ئیتیحادیەت، كە بووە دروشمی یەكێتی ‌و كوردایەتی دوای راپەڕین، هانی یەكێتیدا بە عەرەبیش رۆژنامەی (الاتحاد) ی دەربكات. (الاتحاد) هەم ناوی یەكێتی بوو ‌و هەم وەك مانایەكی فیدرالیشی دەگەیاند. وانەی هەرە گەورەی چیرۆكی راگەیاندن لەم ماوە زەمەنییەدا ئەوە بوو یەكێتی لە قۆناغی نوێ بە دیار یادەوەری ‌و ناوی كۆنینەی بڵاوكراوەكانەوە دانەنیشت كە دەستەوەستان بۆ رابردووەكەی بگریت ‌و خەفەت بخوا  بەڵكو یەكێتی لاوی دوای راپەڕین ناوی نوێی لە بڵاوكراوەكانی نا، لە جێی (رێبازی نوێ) بۆ قۆناغی نوێ (كوردستانی نوێ) ی دامەزراند ‌و لەجێی (الشرارە)ش ناوی (الاتحاد) ی بۆ بڵاوكراوەی عەرەبی دانا. لە كاتێكدا شەرارە ‌و رێبازی نوێش هەر یادگاری یەكێتی ‌و هەر مام جەلال ‌و هەڤاڵەكانی ‌و هەر میدیاكارانی لە شاخ دەریان دەكرد ‌و دوای راپەڕینیش بەشێكی بەرچاوی ئەو هەڤاڵانە بوونە فیگەری میدیای یەكێتی لەدوای راپەڕین. كەس نەیوت كوا (رێبازی نوێ) بۆ نەما ‌و  بۆ جێی چۆڵكرد بۆ (كوردستانی نوێ) یەكی تازە ناو ‌و تازە بابەت؟ كەس نەیگوت بۆ (رێبازی نوێ) تەنها كرایە گۆڤارێكی فیكری وەرزی ‌و بۆچی (الاتحاد) ی تازە دامەزراوە جێی (الشرارە) ی گرتەوە؟
بەڕای من وەڵامەكە ئەوەیە دیدگا ‌و مەنتیق لێكدانەوەیەكی یەكێتییەكی گەنج، لەسەرویانەوە مام جەلال، دیدگایەكی شۆڕشگێری ‌و گۆڕانكاریخواز بوو كە توانی ناو ‌و ناوەرۆكی نوێ لە راگەیاندنی قۆناغی نوێی خۆی بنێ. مام جەلالی شۆڕشگێری واقیع بین ‌و واقیع گۆر دەرگای نوێی لەبەردەم راگەیاندنی یەكێتی كردەوە كە ناوی نوێ ‌و ناوەرۆكی نوێتر بوو. 
ئیتر بۆچی خوێندكارەكانی مام جەلال بەهەمان رۆحییەتەوە رێگای نوێ بۆ راگەیاندنێكی دێرین ناگرنەبەر؟
رێگایەكی وا كە درێژەی رەوتی ڕەسەن بێت، بەڵام بە تەكنیك ‌و كەرەستەی نوێوە بێتەوە مەیدان؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP